دروستکردنی Live USBـی ئوبونتو لەسەر ویندۆز

لەم بابەتەدا، هەوڵدەدەم هەنگاو بە هەنگاو پێت بڵێم کە چۆن USBـییەکی بووتەبڵی ئوبونتو لەسەر ویندۆز دروست بکەیت.

هەنگاوی یەکەم لە دوای دیاریکردنی یەکێک لە تامەکانی ئوبونتو و وەشانەکەی، بریتییە لە دروستکردنی USBـییەکی بووتەبڵی ئوبونتو کە بەهۆیە دەتوانیت کار بە دووزەنەکە (سیستەمەکە) بە شێوەی ڕاستەوخۆ بکەیت یان دایبمەزرێنیتە سەر کۆمپیتەرەکەت.

چەندین توڵ و نەرمەکاڵای خۆڕایی و بەپارە هەن بۆ ویندۆز کە ئەم کارەت بۆ دەکەن، بۆ نموونە:

  • Rufus
  • Balena Etcher (من ئەمە بە باشترین دەزانم)
  • Universal USB Installer

من لەم بابەتەمدا، باسی ڕوفوس و بالێنا ئیچەر دەکەم، خۆشتان دەتوانن گەڕان بە دوای …Universal بکەن.

ئامادەکارییەکان

  • USBـییەک کە نابێت لە ٤ گێگابایت کەمتر بێت. ئاگاداربە داتای ناو ئەو USBـییە لە جێگەیەک هەڵبگرە، چونکە فۆڕمات دەبێت و هیچ داتایەکی لەسەر نامێنێت.
  • فایلی ئایزۆی ئوبونتو (Ubunutu ISO)
  • بزانە سیستەمەکەی تۆ کام جۆری پارتێشن بەکار دەهێنێت؛ MBR یان GPT
  • هەروەها بزانە سیستەمەکەت کار بە UEFI یان legecy BIOS دەکات

تێبینی:

  • کرتە بکە بۆ زانینی جۆری پارتێشنی کۆمپیتەرەکەت. (بە زمانی ئینگلیزی)
  • کرتە بکە بۆ زانینی جۆری بایۆسی کۆمپیتەرەکەت (UEFI یان Legacy BIOS)

داگرتنی ئایزۆی ئوبونتو

سەردانی وێبسایتی ئوبونتو بکە و فایلەکە دابگرە. قەبارەی فایلەکە بە نزیکەیی ٢.٤ گێگابایت دەبێت. ئبونوتو بە دوو جۆر نوێترین وەشانەکانی بڵاو دەکاتەوە. LTS یەکێکە لە جۆرەکان و کورتکراوەی Long Term Supportـە، واتا بۆ ماوەیەکی دوور پاڵپشتی ئەم سیستەمە و ئاسایشی دەکات. ئەم ماوەیە ٥ ساڵە. وەشانەکەی تر بۆ ٦ یان ٩ مانگە. بۆیە تۆ LTS دابگرە.

download ubuntu

ڕێبازی یەکەم: ڕوفوس Rufus

ڕوفوس یەکێکە لە توڵە زۆر بەهێزەکان کە خۆڕایی و سەرچاوە کراوەیە.

هەنگاوی یەکەم بریتییە لە داگرتنی ڕوفوس: سەردانی وێبسایتی ڕوفوس بکە و نەرمەکاڵاکە دابگرە، یان کرتە لەو دوگمەیەی خوارەوە بکە

هەنگاوی دووەم: دروستکردنی USBـییەکی بوتەبڵی ئوبونتو

USBـییەکەت بخەرە سەر کۆمپیتەرەکەت و ئینجا ڕوفوس بکەوە. خۆی ڕوفوس USBـییەکەت دیاری دەکات و جۆری پارتێشنەکەشت هەڵدەبژرێت (MBR یان GPT). بەڵام ئەگەر یەک USB زیاتر بە کۆمپیتەرەکەتەوە پەیوەست بوو، ئەوا دڵنیابە لەوەی کە USB دروست هەڵبژێردراوە.

دواتر کرتە لەسەر Select بکە و فایلی ئایزۆکە هەڵبژێرە.

دواتر پارتێشن سکیم و تارگێت سیستەم دیاریبکە. لە سەرەتادا گوتم کە دەبێت دڵنیابیت کە کام پارتێشن (MBR یان GPT) دەگنوجێت و کۆمپیتەرەکەت کام تارگێت سیستەم بەکار دەهێنێت.

دوای ئەوەی هەموو شتێکت بە دروستی دیاریکرد، کرتە لەسەر دوگمەی Start بکە.

Make Live Usb With Rufus

لەوانەیە ڕوفوس داوات لێ بکات کە یەکێک لە شێوازەکانی write هەڵبژێریت.

Making Live Usb With Rufus

تەواوی پڕۆسەکە، کەمێک کاتی پێویستە، بۆیە چاوەڕێ بکە و کە تەواو بوو، خۆی ئاماژە دەدات.

 

ڕێبازی دووەم: بالێنا ئیچەر Balena Etcher

ئەمەش هەر وەکو ڕوفوس، توڵێکی خۆڕایی و سەرچاوە کراوەیە. من خۆم هەمیشە ئەمە بەکار دەهێنم چونکە زۆر بێ کێشە USBـییەکە ئامادە دەکات، تەنانەت کە فلاشی کرد، دوبارە پشکین دەکات بۆ دڵنیابنوونەوە لەوەی کە هەموو شتێک تەواوە و هیچ فایلێک کەم نەبووە یان هیچ فایلێک تێک نەچووە.

هەنگاوی یەکەم: داگرتنی ئیچەر

سەردانی وێبسایتی فەرمی ئێچەر بکە و فایلەکە دابگرە. کرتە بکە بۆ کردنەوەی وێبسایت.

هەنگاوی دووەم: دروستکردنی USBـییەکی بوتەبڵی ئوبونتو

USBـییەکەت بخەرە سەر کۆمپیتەرەکەت و ئینجا ئیچەر بکەوە. دواتر کرتە بکە لەسەر Flash from file و فایلی ئایزۆکە هەڵبژێرە. خۆی ئیچەر USBـییەکەت دیاری دەکات بەڵام ئەگەر یەک USB زیاتر بە کۆمپیتەرەکەتەوە پەیوەست بوون، ئەوا دڵنیابە لەوەی کە USB دروست هەڵبژێردراوە.

لە کۆتاییدا کرتە بکە لەسەر دوگمەی !Flash چاوەڕێ بکە تا تەواو دەبێت.

ئیچەر بە دوو قۆناغ پڕۆسەکە ئەنجام دەدات. یەکەم قۆناغ بریتییە لە writing the iso (Flashing…) و قۆناغی دووەم بریتییە لە دڵنیابوونەوە (Validation). بۆیە تکایە بوەستە تاکو هەر دوو قۆناغەکە بە سەرکەوتووی تەواو دەبن.


ئێستا ئێمە کە USBـییەکەمان ئامادەیە، کاتی ئەوەیە دەست بکەین بە دامەزراندنی سیستەمەکە یان تاقیکردنەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ. بۆ ئەم مەبەستە، USBـییەکەت پەیوەست بە کۆمپیتەرەکەتەوە بکە و پاشان دوبارە پێی بکەوە (ڕیستارت).

کاتێک ڕونمای کۆمپیتەرەکەت لۆگۆی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کۆمپیتەرەکەت پشان دەدات، دوگمەی تایبەتی بووتی کۆمپیتەرەکەت لێ بدە. دەکرێت ئەو دوگمەیە F2 یان F10 یان F12 یان دوگمەی ئیسکەیپ esc بێت.

دوای داگرتنی دوگمەی بووت، ڕونماکەت کۆمەڵە بژاردەیەکی وەکو وێنەی خوارەوە پشان دەدات. دەکرێت شێوازی پشاندان ڕیزبەندی بژاردەکان کەمێک جیاواز بن، ئەمەش بەهۆی جیاوازی دابینکەری کۆمپیتەرەکانەوەیە کە هەر یەکێکیان جۆرێک بەکار دەهێنن. لە بژاردەکان کرتە لەسەر USBـییەکە بکە کە ئامادەمان کرد.

select boot from live usb

ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات و USBـییە کێشەی نەبێت، ڕونماکەت شتێکی وەکو ئەمەی خوارەوە پشان دەدات.

بژاردەی یەکەم بریتییە لە (Try Ubuntu without installing) واتا تاقیکردنەوەی ئوبونتو بەبێ دامەزراندنی. بژاردەی دووەم بریتییە لە (Install Ubuntu) واتا دامەزراندنی ئوبونتو. ئیتر هەر کامێکیان هەڵبژێریت، هەر دەتوانیت دایبمەزرێنیت، بەڵام تۆ یەکەم بژاردە هەڵبژێرە، پیاسەیەک بە ناو سستەمەکەدا بکە و سەروسیمای ببینە، ئینجا دایبمەزرێنە.

Ubuntu Live Install Screen

تێبینی: هەندێک کۆمپیتەر هەیە ڕێگەت نادات بووت لە USBـییەکی بووتەبڵەوە بکەیت، بۆ نموونە کۆمپیتەرەکانی کۆمپانیای دێڵ، بۆیە ئەگەر هەڵەیەکت بینی وەکو (PCIe initialization) یان (cannot boot from the USB)، ئەوا پێویستە بووتی پارێزراو (Secur boot) ناچالاک بکەیت.

ئەگەر هەر کێشەیەکی ترت بۆ دروست بوو، لە کۆمێنت بینووسە، منیش یارمەتیت دەدەم.

بەهیوای سوود.

 


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *