گورزە و بەڕێوەبەری گورزە لە لینوکسدا

گورزە و بەڕێوەبەری گورزە لە لینکوسدا

له‌لایه‌ن

لە

یەکێک لەو تایبەتمەندییە سەرەکییانەی کە دابەشکراوەیەکی لینوکس لە یەکێکی تر جیا دەکاتەوە بریتییە لە بەڕێوەبردنی گورزە (Package Management). لەم وتارەدا، فێردەبین کە گورزە چییە و بەڕێوەبەرەکەی چییە، هەروەها چۆن کاردەکات و چەند جۆر لە بەڕێوەبەری گورزە بەردەستە.

بەڕێوەبەری گورزە (Package Manager) لە لینوکسدا چییە؟

زۆر بە سادەیی، بەڕێوەبەری گورزە بریتییە لە توڵێک یان ئامرازێک کە ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات گورزەی نەرمەکاڵا لەسەر سیستەمی وەگەڕخەری دامەزرێنن، بسڕنەوە، نوێبکەنەوە و ڕێکیان بخەن. جا ئەم توڵە دەکرێت ڕووکارێکی گرافیکی هەبێت وەکو هەر پرۆگرامێکی تر، ئەپ ستۆرو سۆفتوێر سێنتە، یانیش توڵێکی فەرمانی هێڵی بێت وەکو apt-get یان  pacman.

ئەی گورزە (Package) چییە؟

بەگشتی گورزە بریتییە لە بەرنامەیەک کە دەکرێت بەرنامەیەکی خاوەن ڕووکار بێت وەکو هەر بەرنامەیەکی تر کە کاری پێدەکەین، یان دەکرێت توڵێکی فەرمانی هێڵی بێت یان ژێدەرگە (Library) بێت بۆ پاڵپشی گورزەیەک یان چەند گورزەیەکی تر. گورزە سەرەکییانە پەڕگەیەکی ئەرشیفکراوە کە (Binary Executable، Configuration File) تێدایە، هەندێک جاریش زانیاری دەربارەی پشتپێبەستووەکانی گورزەکەش لەخۆ دەگرێت.

پێشتر، بۆ دامەزراندنی نەرمەکاڵایەک لەسەر سیستەمەکەت، دەبوو لە سەرچاوەی کۆدەکانەوە داتمەزراندبا. ڕێنماییەکان بۆ دامەزراندنەکە لە پەڕگەیەکدا بەناوی readme هەڵدەگیران. پێویست بوو خۆت کاری تێکخستن (Compile)ی بەرنامەکەت کردبا. جا بۆ ئەوەی دابەشکراوەکانی لینوکس ئەم ئاڵۆزییە نەهێڵن، دەستیانکرد بە دروستکردنی شێوازی گورزەکردنی تایبەتی خۆاین بۆ ئەوەی بتوانن گورزەیەکی تێکخراوی ئامادە بە کۆمەڵێک زانیارییەوە پێشکەش بە بەکارهێنەرانیان بکەن. لە دەوروبەری ٩٠ەکان، دێبیان .deb ی دروستکردن و لینوکسی ڕێد هات .rpm ی دروستکردن. ئێستاش ئەم جۆرە دامەزراندنە هەیە، بەڵام بژاردەیە و کەم کەس خۆی لێدەدات چونکە زۆر جار بەهۆی ناشارەزایی، کارەکە وەکو خۆی ناڕوات و کێشە دروست دەکات. جا ئەمە ڕێک وەکو کڕینی کێك بەراورد بە دروستکردنییەتی! ئێستا لەبری ئەوەی خۆت کێکەکە دروست بکەیت، کێکەکە حازرە و نۆشت بێت.

بەڕێوەبەری گورزە چۆن کاردەکات؟

سەیری ئەم دایەگرامەی خوارەوە بکە کە لە itsfossـەوە هێناومە و کردوومە بە کوردی تا یارمەتیت بدات بە ئاسانی لە شێوازی کارکردنی بگەی.

 

دایەگرامی بەڕێوەبەری گورزە لە لینوکس
دایەگرامی بەڕێوەبەری گورزە لە لینوکس

 

دەتوانین بڵێین هەموو دابەشکراوەکان کۆگای گورزەیان هەیە کە بە زمانێکی سادە بریتییە لە کەشکۆڵێک لە گورزە یان عەمبارێک کە گورزەکانی تێدا هەڵدەگرن. لەمەوە تێدەگەین کە زیاتر لە کۆگایەک هەیە!

کۆگاکان مێتاداتایان تێدایە کە زانیارین دەربارەی گورزەکە، وەکو ناوی گورزە، ژمارەی وەشان، فرۆزەی گورزە و ناوی کۆگا، و هتد.

سەرەتا بەڕێوەبەری گورزەی سیستەمەکەت کار لەگەڵ مێتاداتاکان دەکات. بەڕێوەبەری گورزە مێتاداتاکن لەسەر سیستەمەکەت کاش دەکات، کاتێک فەرمانی بەڕۆژکردنەوە دەدەیە بەڕێوەبەری گورزەکە، بۆ نموونە apt update، ئەم کاشە ناوخۆییەی مێتاداتا نوێدەکاتەوە بە گەڕانەوە بۆ مێتاداتای ناو کۆگاکە.

کاتێک فەرمانی دامەزراندن دەدەیت، بۆ نموونە apt install، بەڕێوەبەری گورزە دەگەڕێتەوە بۆ کاشەکە و گورزە و زانیارییەکانی دەدۆزێتەوە، دواتر ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پەیوەندی بکات بە کۆگاوە و گورزەکە دابگرێت.

دەکرێت گورزەیەک پشتپێبەستووی هەبێت، واتا گورزەی (ڕانیە) پشت بە گورزەی (سلێمانی) ببەستێک بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بکات. لەم دۆخەدا، دەبێت گورزەی سلێمانیش دابمزرێتە سەر سیستەمەکەت. جا بەڕێوەبەری گورزە خەریکی ئەم هەڵاو هوریایە دەبێت و لە کۆڵ تۆی دەکاتەوە.

بەڕێوەبردنی گورزە پشتپێبەستووەکانی گورزەیەک لەلایەن بەڕێوەبەری گورزەوە
بەڕێوەبردنی گورزە پشتپێبەستووەکانی گورزەیەک لەلایەن بەڕێوەبەری گورزەوە

بیرمان نەچێت، هەروەکو دامەزراندن، کاتێک گورزەیەکیش دەسڕینەوە، هەموو گورزانەی کە لەگەڵی دامەزراون و چیتر پێویست نین، بەڕێوەبەری گورزە خۆکارانە دەیسڕێتەوە.

بەدەر لە کارە سەرەتاییەکانی بەڕێوەبەری گورزە، دەتوانی کاری ڕێکخستنی گورزەش بە بەڕێوەبەری گورزە بکەیت، بۆ نموونە ڕێگری بکەیت لە نوێبوونەوەی گورزەیەک!

جۆرە جیاوازەکانی بەڕێوەبەری گورزە

بەڕێوەبەری گورزەکان جیاوازن بەپێی سیستەمی گورزەکردنی گورزەکان، بەڵام دەکرێت سیستەمێکی گورزەکردن چەند بەڕێوەبەرێکی گورزەی هەبێت. بۆ نموونە RPM خاوەنی Yum و DNFـە. گورزەی DEB؛ apt-get و aptitudeی هەیە! مەرج نییە بەڕێوەبەری گورزە تەنها توڵێکی فەرمانی هێڵی بێت، دەکرێت خاوەنی ڕووکارێکی گرافیکی بێت.

ئەمەی سەرەوە، سەرەتایەکی کورت و پوخت بوو بۆ گورزە و بەڕێوەبەری گورزە، هیوادارم ئێستا تێگەیشتنێكی باشترتان هەبێت بۆی. ئەگەر هەر پرسیارێکیشتان هەبوو، دەتوانن لە تویتەر (لینوکس بە کوردی) تاگ بکەن و وەڵام دەدەمەوە.


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *