ئامانج و پێشمەرج
لە کۆتایی ئەم بابەتەدا سێرڤەرێکی Ubuntu Server 26.04 LTSت دەبێت و لە کۆمپیوتەرەکەی خۆتەوە بە SSH پەیوەندیی پێوە دەکەیت. ئەم سێرڤەرە تا کۆتایی زنجیرەکە دەبێتە تاقیگەی تۆ و هەموو ئەرک و ڕاهێنانەکان لەسەر ئەو سێرڤەرە ئەنجام دەدەیت.
ئامانجەکان:
- تێبگەیت SSH چییە و بۆچی ڕێگای سەرەکی بەڕێوەبردنی سێرڤەرە.
- Ubuntu Server بە یەکێک لە سێ ڕێگاکە دابمەزرێنیت.
- بە SSH بچیتە ژوورەوە و سیستەمەکە نوێ بکەیتەوە.
پێشمەرج:
- خوێندنەوەی پێشەکی: ناساندن و نەخشەی ڕێگا.
- کۆمپیوتەرێک کە بتوانێت ٢ گێگابایت RAM و ٢٠ گێگابایت دیسک بۆ سیستەمی وەهمی تەرخان بکات، یان VPSێک.
- ئینتەرنێت.
تێبینی: ئەگەر Ubuntu 24.04 LTS بەکار دێنیت، هەموو فەرمانەکانی ئەم بابەتە هەر وەک خۆیان کار دەکەن.
SSH چییە؟
SSH (Secure Shell) پرۆتۆکۆڵێکە بۆ پەیوەندیکردنی پارێزراو بە کۆمپیوتەرێکی دوورەوە. هەر شتێک دەینێریت، لەوانە وشەی نهێنی و فەرمانەکان، بە شێوەی شفرەکراو دەگوازرێتەوە. بۆیە ئەگەر کەسێک چاودێری تۆڕی ئینتەرنێتەکەشت بکات، ناتوانێت هیچ شتێک ببینێت.
پەیوەندییەکە دوو لای هەیە:
- لای تۆ (client): نەرمەکاڵای
sshلەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆت. نەرمەکاڵاکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر زۆرینەی زۆری سیستەمەکان دامەزراوە، بۆیە پێویست بە دامەزراندنی ناکات. - لای سێرڤەر (server): خزمەتگوزارییەک بە ناوی
sshdکە لە پاکێجی OpenSSH دایە. بە شێوەی بنەڕەت گوێ لە دەرچەی (port) ٢٢ دەگرێت.

کاتێک پەیوەندییەکە سەرکەوتوو بوو، شێڵێک لەسەر سێرڤەرەکەت دەکرێتەوە. هەر فەرمانێک لەوێ دەینووسیت، لەسەر سێرڤەرەکە جێبەجێ دەبێت، نەک لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆت.
تێبینی: بەڕێوەبەری سیستەم بە دەگمەن لە بەردەم سێرڤەردا دادەنیشێت. هەموو کارەکانی لە دوورەوە و بە SSH دەکات.
ڕێگای یەکەم: دامەزراندنی سیستەمەکە بە وەهمی
ئەم ڕێگایە بێبەرامبەرە و زۆرترین شتت فێر دەکات، چونکە دامەزراندنەکە خۆت دەیکەیت. نموونەکان لەسەر VirtualBoxن، بەڵام لە VMwareیشدا هەمان هەنگاون.
ئامادەکاری
- وێنەی دامەزراندن (ISO) لە ماڵپەڕی فەرمیی Ubuntu داگرە. ناوی فایلەکە بەم شێوەیەیە:
ubuntu-26.04-live-server-amd64.iso - لە VirtualBoxدا مەکینەیەکی نوێ دروست بکە: جۆر Linux، وەشان Ubuntu (64-bit).
- ٢ گێگابایت RAM، دوو CPU و ٢٠ گێگابایت دیسکی پێبدە.
- فایلی ISOکە بە مەکینەکەوە ببەستە.
- لە ڕێکخستنەکانی تۆڕدا (Network)، جۆری Adapter بکە بە Bridged Adapter. بەم شێوەیە سێرڤەرەکە IPیەک لە تۆڕی ماڵەوەت وەردەگرێت و دەتوانیت ڕاستەوخۆ بە SSH پەیوەندیی پێوە بکەیت.
هەنگاوەکانی دامەزراندن
دامەزرێنەری Ubuntu Server ناوی Subiquityیە و بە کلیلەکانی تەختەکلیل کار دەکات: بە کلیلەکانی ئاڕاستە دەجووڵێیت، بە Space هەڵدەبژێریت و بە Enter پەسەند دەکەیت.
- سیستەمەکە پێبکە و Try or Install Ubuntu Server هەڵبژێرە.
- زمان: English هەڵبژێرە.
- تەختەکلیل: English (US).
- جۆری دامەزراندن: Ubuntu Server (نەک وەشانی minimized).
- تۆڕ: بەزۆری IP بە شێوەی خۆکار وەردەگیرێت. ئەو IPیە بنووسەوە، پێویستت پێی دەبێت.
- Proxy و Mirror: وەک خۆیان بهێڵەرەوە.
- دیسک: Use an entire disk هەڵبژێرە و LVM چالاک بهێڵەرەوە. لە بابەتی ٩دا LVM ڕوون دەکەینەوە.
- پڕۆفایل: ناوی خۆت، ناوی سێرڤەر (بۆ نموونە
lab)، ناوی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی بنووسە. ناوی بەکارهێنەر بە پیتی بچووکی لاتینی بێت و بۆشایی تێدا نەبێت. - Ubuntu Pro: ئێستا پێویست نییە، Skip بکە.
- SSH: خانەی Install OpenSSH server نیشانە بکە. ئەمە گرنگترین هەنگاوە، بەبێ ئەمە ناتوانیت لە دوورەوە پەیوەندی بکەیت. هێنانی کلیلی SSH بۆ بابەتی ١٢ دەهێڵینەوە.
- Featured snaps: هیچ شتێک هەڵمەبژێرە.
- چاوەڕێ بکە تا دامەزراندن تەواو دەبێت، پاشان Reboot Now هەڵبژێرە. ئەگەر داوای لابردنی فایلی دامەزراندنی کرد، Enter لێ بدە.
دوای دەستپێکردنەوە، بە ناوی بەکارهێنەر و وشەی نهێنییەکەت بچۆ ژوورەوە. لەکاتی نووسینی وشەی نهێنیدا هیچ نیشانەیەک دەرناکەوێت، ئەمە ئاساییە.
ڕێگای دووەم: Multipass
Multipass ئامرازێکی Canonicalە کە بە یەک فەرمان مەکینەیەکی وەهمی Ubuntu دروست دەکات، بەبێ ئەوەی بە هەنگاوەکانی دامەزراندندا تێپەڕیت. لەسەر Windows، macOS و Linux کار دەکات.
- Multipass دامەزرێنە. لە Windows و macOS فایلی دامەزراندن لە ماڵپەڕی Multipass دابەزێنە. لە Linux ئەم فەرمانە بەکار بێنە.
sudo snap install multipass
- سێرڤەرێک بە ناوی
labدروست بکە:multipass launch 26.04 --name lab --cpus 2 --memory 2G --disk 20G - بچۆ ناو سێرڤەرەکەوە:
multipass shell lab
ئەگەر وەشانی 26.04 نەدۆزرایەوە، فەرمانی multipass find لیستی وێنە بەردەستەکان پیشان دەدات .
تێبینی: بەکارهێنەری بنەڕەتی Multipass ناوی ubuntuە و وشەی نهێنیی نییە. فەرمانی multipass shell لە پشتەوە SSH و کلیلی تایبەت بەکار دێنێت.
ڕێگای سێیەم: VPS
VPS (Virtual Private Server) سێرڤەرێکی وەهمییە لە داتاسێنتەرێکدا کە بە کرێ وەریدەگریت. ئەم ڕێگایە نزیکترینە لە کاری ڕاستەقینە، چونکە سێرڤەرەکە IPی گشتیی هەیە و لە هەموو شوێنێکەوە دەگاتە لای.
- لە کاتی دروستکردنی سێرڤەردا، Ubuntu 26.04 LTS وەک سیستەمی کارپێکردن هەڵبژێرە.
- بچووکترین پلان بۆ فێربوون بەسە (یەک CPU و یەک بۆ دوو گێگابایت RAM).
- دوای دروستبوون، دابینکەر IPی سێرڤەر و وشەی نهێنیی بەکارهێنەری rootت پێ دەدات.
لە VPSدا بەزۆری یەکەمجار بە root دەچیتە ژوورەوە:
ssh root@<SERVER_IP>
ئاگاداری: سێرڤەرێکی نوێی Ubuntu 26.04 لەسەر VPS بەزۆری یاسای دیواری ئاگرینی نییە. لە هەمان کاتیشدا بۆتەکانی ئینتەرنێت هەوڵی چوونەژوورەوە دەدەن. بۆیە وشەی نهێنییەکی بەهێز بەکار بێنە، و لە بابەتەکانی ٥، ١٢ و ١٣دا سێرڤەرەکە بەهێز دەکەین.
یەکەم پەیوەندی بە SSH
بۆ پەیوەندیکردن دوو شتت پێویستە: IPی سێرڤەر و ناوی بەکارهێنەر.
هەنگاوی یەکەم: IPی سێرڤەر بدۆزەرەوە
ئەگەر IPەکەت لەکاتی دامەزراندندا نەنووسیوەتەوە، لە سێرڤەرەکەدا ئەم فەرمانە بنووسە:
ip -brief address
ئەنجامەکە شتێکی وەک ئەمەیە:
lo UNKNOWN 127.0.0.1/8 ::1/128
enp0s3 UP 192.168.1.50/24
دێڕی lo بۆ پەیوەندیی ناوخۆییە و ئیشمان پێی نییە. IPی سێرڤەرەکە لە دێڕی دووەمدایە، بەبێ /24. لەم نموونەیەدا IPەکە 192.168.1.50ە. ناوی کارتی تۆڕەکەت (enp0s3) لەوانەیە جیاواز بێت لەوەی من.
هەنگاوی دووەم: تێرمیناڵ لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆت بکەرەوە
- Windows: بەرنامەی Terminal یان PowerShell.
- macOS: بەرنامەی Terminal.
- Linux: هەر تێرمیناڵێک.
هەنگاوی سێیەم: پەیوەندی بکە
ssh <USERNAME>@<SERVER_IP>
بۆ نموونە، ئەگەر ناوی بەکارهێنەرەکەت aga بێت:
ssh aga@192.168.1.50
هەنگاوی چوارەم: ناسنامەی سێرڤەر قبووڵ بکە
لە یەکەم پەیوەندیدا پەیامێکی وەک ئەمە دەبینیت:
The authenticity of host '192.168.1.50 (192.168.1.50)' can't be established.
ED25519 key fingerprint is SHA256:...
Are you sure you want to continue connecting (yes/no/[fingerprint])?
SSH دەڵێت ئەم سێرڤەرە ناناسم و ناسنامەکەی (fingerprint) ئەمەیە. yes بنووسە و Enter لێ بدە. ناسنامەکە لە فایلی ~/.ssh/known_hosts لەسەر کۆمپیوتەرەکەی تۆ پاشەکەوت دەکرێت. جاری داهاتوو ئەم پرسیارە ناکرێتەوە.
پاشان وشەی نهێنی بنووسە. ئەگەر سەرکەوتوو بیت، دێڕێکی وەک ئەمە دەبینیت:
aga@lab:~$
ئەم دێڕە بە prompt ناسراوە و چوار بەشی هەیە:
| بەش | واتا |
|---|---|
aga | ناوی بەکارهێنەر |
lab | ناوی سێرڤەر |
~ | شوێنی ئێستات، کە بوخچەی تایبەتی خۆتە لە /home/aga |
$ | بەکارهێنەری ئاسایی، لە کاتی rootدا # دەبینیت |
ئێستا هەر فەرمانێک بنووسیت، لەسەر سێرڤەرەکە جێبەجێ دەکرێت.
یەکەم کارەکان دوای چوونەژوورەوە
یەکەم کار لەسەر هەر سێرڤەرێکی نوێ نوێکردنەوەیە، چونکە وێنەی دامەزراندن لەوانەیە چەند مانگێک کۆن بێت.
نوێکردنەوەی سیستەم
# نوێکردنەوەی لیستی گورزەکان
sudo apt update
# دامەزراندنی وەشانی نوێی گورزە و نەرمەکاڵاکان
sudo apt upgrade
جیاوازیی نێوان ئەم دوو فەرمانە زۆر گرنگە:
apt updateهیچ شتێک دانامەزرێنێت. تەنها لیستی گورزەکان لە کۆگاکانەوە نوێ دەکاتەوە.apt upgradeگورزە دامەزراوەکان بۆ نوێترین وەشان بەرز دەکاتەوە.
پێش دامەزراندن، apt لیستی گۆڕانکارییەکان پیشان دەدات و داوای پەسەندکردن دەکات. بە Y وەڵام بدەرەوە.
ئایا پێویستە سێرڤەر دەستپێبکاتەوە (Reboot)؟
هەندێک نوێکردنەوە، وەک نوێکردنەوەی ناوک، تەنها دوای دەستپێکردنەوە کاریگەریان دەستپێدەکات. بۆ زانینی ئەمە:
cat /var/run/reboot-required
ئەگەر پەیامی *** System restart required *** دەرکەوت، سێرڤەرەکە دەست پێ بکەرەوە. ئەگەر پەیامی No such file or directory دەرکەوت، پێویست ناکات. بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی سێرڤەر، ئەم فەرمانە بدە:
sudo reboot
پەیوەندییەکەت دەپچڕێت. یەک تا دوو خولەک چاوەڕێ بکە و دووبارە بە هەمان فەرمانی ssh پەیوەندی بکەرەوە.
چوونەدەرەوە و کوژاندنەوە
| فەرمان | چی دەکات |
|---|---|
exit یان Ctrl+D | دەچیتە دەرەوە لە سێرڤەر بەڵام سێرڤەر بە کارایی دەمێنێتەوە |
sudo reboot | سێرڤەرەکە دەستپێدەکاتەوە |
sudo poweroff | سێرڤەرەکە دەکوژێنێتەوە |
ئاگاداری: لەسەر VPS هەرگیز poweroff بەکار مەهێنە مەگەر دڵنیا بیت. دوای کوژاندنەوە، تەنها لە کۆنترۆڵ پانێڵی دابینکەرەوە دەتوانیت دایبگیرسێنیتەوە.
هەڵە باوەکان
| پەیام | هۆکار | چارەسەر |
|---|---|---|
Connection refused | سێرڤەرەکە بەردەستە، بەڵام OpenSSH دامەزراو نییە یان کار ناکات | لەسەر سێرڤەرەکە: sudo apt install openssh-server پاشان sudo systemctl status ssh |
Connection timed out | IPەکە هەڵەیە، یان تۆڕی VirtualBox لەسەر NATە، یان دیواری ئاگرین دەرگای ٢٢ی داخستووە | IPەکە دووبارە بپشکنە، تۆڕی مەکینەکە بکە بە Bridged Adapter |
Permission denied | ناوی بەکارهێنەر یان وشەی نهێنی هەڵەیە | سەیری زمانی تەختەکلیلەکەت بکەوە و دڵنیابە ناوەکەت بە پیتی بچوک نوسیوە |
REMOTE HOST IDENTIFICATION HAS CHANGED | ناسنامەی سێرڤەر گۆڕاوە، بۆ نموونە چونکە دووبارە دامەزراوەتەوە | ئەگەر دڵنیایت خۆت دووبارە داتمەزراندووەتەوە: ssh-keygen -R <SERVER_IP> |
ئاگاداری: ئەگەر پەیامی REMOTE HOST IDENTIFICATION HAS CHANGED دەرکەوت و تۆ هیچ شتێکت لە سێرڤەرەکە نەگۆڕیوە، هەوڵمەدە بە سێرڤەرەکەوە پەیوەست ببیتەوە چونکە لەوانەیە کەسێک لە نێوان تۆ و سێرڤەردا بێت.
ئەگەر ناتوانیت Bridged Adapter بەکار بێنیت
لە هەندێک تۆڕدا، وەک تۆڕی زانکۆ یان شوێنی کار، Bridged Adapter کار ناکات. لەو کاتەدا NAT بهێڵەرەوە و دەرچەیەک بگوازەرەوە (Port Forwarding):
- لە VirtualBox: Settings → Network → Adapter 1 → Advanced → Port Forwarding.
- یاسایەکی نوێ زیاد بکە: Host Port بکە بە
2222و Guest Port بکە بە22. - بەم فەرمانە پەیوەندی بکە:
ssh -p 2222 <USERNAME>@127.0.0.1
بژاردەی -p ژمارەی دەرچەکە دیاری دەکات. بەبێ ئەم بژاردەیە، ssh هەمیشە دەرچەی ٢٢ بەکار دێنێت.
جیاوازییەکانی Rocky Linux
فەرمانی ssh لە لای تۆ وەک خۆیەتی. جیاوازییەکان هەموویان لە لای سێرڤەرن:
| کار | Ubuntu | Rocky Linux |
|---|---|---|
| دامەزرێنەر | Subiquity | Anaconda |
| ناوی خزمەتگوزاری SSH | ssh | sshd |
| پشکنینی دۆخی SSH | sudo systemctl status ssh | sudo systemctl status sshd |
| نوێکردنەوەی سیستەم | sudo apt update و sudo apt upgrade | sudo dnf upgrade |
| زانینی پێویستی دەستپێکردنەوە | cat /var/run/reboot-required | sudo dnf needs-restarting -r |
لە Rockyدا dnf upgrade خۆی لیستی گورزەکان نوێ دەکاتەوە، بۆیە هاوتای apt update پێویست ناکات.
ڕاهێنان
- سێرڤەرەکەت بە یەکێک لە سێ ڕێگاکە دابمەزرێنە و لە کۆمپیوتەرەکەی خۆتەوە بە SSH پەیوەندیی پێوە بکە.
- IPی سێرڤەرەکە بە فەرمانی
hostname -Iیش بدۆزەرەوە و بەراوردی بکە لەگەڵ ئەنجامیip -brief address. - لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆت فایلی
~/.ssh/known_hostsبکەرەوە. چ دێڕێکی تێدا زیاد بووە؟ - سیستەمەکە نوێ بکەرەوە، بپشکنە ئایا پێویستی بە دەستپێکردنەوە هەیە، پاشان دووبارە پەیوەندی بکەرەوە.
- ئەرکی زیادە: بە
ssh -v <USERNAME>@<SERVER_IP>پەیوەندی بکە. بژاردەی-vهەموو هەنگاوەکانی پەیوەندیکردن پیشان دەدات. لە ئەنجامەکەدا ژمارەی دەرگا و جۆری ناسنامەی سێرڤەر بدۆزەرەوە.
پوختە و بابەتی داهاتوو
- SSH پەیوەندییەکی شفرەکراوە لە نێوان کۆمپیوتەرەکەی تۆ و خزمەتگوزاری
sshdلەسەر سێرڤەر، لە ڕێگای دەرگای ٢٢. - فەرمانی سەرەکی:
ssh <USERNAME>@<SERVER_IP>. - لە یەکەم پەیوەندیدا ناسنامەی سێرڤەر قبووڵ دەکەیت و لە
known_hostsپاشەکەوت دەکرێت. - یەکەم کار لەسەر هەر سێرڤەرێکی نوێ:
sudo apt updateوsudo apt upgrade.
لە بابەتی ٢دا بەناو پێکهاتەی سیستەمی فایلدا دەگەڕێین و فێر دەبین هەر فۆڵدەرێک چی تێدایە و چۆن لە نێوانیاندا بجووڵێین.