ئایە لینوکس بژاردەیەکی دروستە؟

ئایە لینوکس بژاردەیەکی دروستە؟

دەستپێک

ئەگەر تۆ ئەم وتارەت کردبێتەوە، ئەوا تۆ لانی کەم ئارەزووی جیهانی پەنگوینەکان دەکەیت و بە پەرۆشی بۆی. پێمخۆشە بزانیت کە تۆ بەخوێندنەوەی ئەم بابەتە، سەرنجت بۆ جیهانێکی سەرچاوە کراوە، تایبەت و تەواو ژێر دەستی خۆت ڕا دەکێشرێت.

هەندێک خەڵک لەگەڵ ویندۆز هەست بە ئاسوودەیی دەکەن و، هەرگیز بیر لە جێگرەوەیەک ناکەنەوە بۆی، لەوانەشە هەر نەزانن کە چەند بژاردەیەکی تر هەیە بەرانبەر سیستەمەکەی مایکرۆسۆفت، هەندێک خەڵکیش وا دەزانن لینوکس شاشە ڕەشەکەیە کە ئێمە پێی دەڵێن تێرمیناڵ.

لەم بابەتەدا، هەوڵدەدەم وەڵامی چەند پرسیارێک و گومانێکتان سەبارەت بە دنیای لینکوس بدەمەوە و ،تێتانبگەیەنم کە لینوکس ماری حەوت سەر نییە وەکو ئەوەی ئێوە لێی تۆقیون.

باشە، ئێستا لینوکس چییە؟

لەوانە زۆر گوێ بیستی ئەم پرسیارە بووبیت، بەڵام وەڵامێكی زۆر گونجاو نەزانیت یان ئەسڵەن هەر هیچ بیرۆکەیەکت نەبێت کە چییە، بۆیە:
”لینوکس بریتییە لە سیستەمی وەگەرخەڕ هەر وەکو سیستەمەکانی تر (ویندۆز و ماک-ۆس)، بەڵام لینوکس بەخۆڕاییە.“ بەڵام هەر ئەوەندە نییە…

سیستەمی وەگەرخەڕ کە بە (OS) کورت دەکرێتەوە؛ ناوێکە دراوە بە نەرمەکاڵایەک یان چەند نەرمەکاڵایەک کە سەرچاوەکانی کۆمپیتەر، وەکو پردێک، بە ڕووکارێکی گرافیکی لە نێوان ڕەقەکاڵا و بەکارهێنەردا ڕێکدەخات.

لە ڕاستیدا لینوکس سیستەمی وەگەرخەڕ نییە، بەڵکو ناوکە (kernel – core) کە لە چەند سیستەمێکی وەگەرخەڕدا بەردەستە.

ناوک (kernel)، بە شێوەیەکی گشتی، بریتییە لە دڵی سیستەمی وەگەرخەڕەکە: ئەو بەشەیە کە پەیوەندی نێوان نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵا دروست دەکات و، ڕێکدەخات.

شتێکی تر کە پێویستە بیزانیت ئەوەیە کە هەموو نەرمەکاڵایەکی پشت بەستراو بە لینوکس بەخۆڕایی نییە تەنها لەبەر ئەوەی خودی لینوکس سەرچاوە کراوەیە، مۆڵەتی یاسایی لینوکس ڕێگە بە لایەنی سێیەم دەدات کە وەشانی تایبەتی خۆیان لە ناوک یان دابەشکراوە بفرۆشن. بۆ نموونە Red Hat Enterprise Linux, Zorin OS Ultimate and the SUSE Linux Enterprise.

نەرمەکاڵای سەرچاوە کراوە لە ژێر مۆڵەتێکدا دامەزراوە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات کە توێژینەوە، لێکۆڵینەوە، دەستکاری، دابەشکردنەوەی نوێ بکەن بۆ نەرمەکاڵاکە بە جۆرەی ئارەزوویانە. بەڵام دەکرێت هەندێک مۆڵەت بە شێوەی جیاواز ڕێگەت پێ بدات یان سنوورت بۆ دیاری بکات.

دابەشکراوەکان

وشەی ”Distro“ تەنها کورتکراوەیەکە بۆ وشەی ”Distribution“ کە بەمانای “دابەشکراوە” دێت؛ دەستەواژەیەکە بۆ ئاماژە کردن بە سیستمەێکی وەگەڕخەری بنچینە لینوکس.

چەندین دابەشکراوە هەن، هەر یەکێکیشیان بە جۆر و شێوەیەکی تایبەت یارمەتی بەکارهێنەرانی دەدات. سەرەڕای ئەوەی هەموویان خاوەن یەک بنچینەن، بەڵام دەکرێت دابەشکراوەکان لە یەکتری جیاواز بن هەر لە ناوکێکی دەستکاری کراوەوە تا دەگاتە ڕووکار و ئەو نەرمەکاڵایانەی لە سیستەمەکە جێگیر دەکرێن.

ڕووکار بەشێکە لە دابەشکراوە کە شێوازی دەرکەوتنی سیستەمەکە بۆ بەکارهێنەر ڕێکدەخات.

ڕووکارەکان

بە پێچەوانەی ویندۆز و ماک کە خاوەنی تەنها یەک ڕووکاری ستانداردی خۆیانن، جیهانی لینوکس خاوەن چەندین ڕووکاری جۆراوجۆرە.

هەندێک لە ڕووکارەکان زیاتر خۆشەویسترن و ئاسانکاری زیاتریان کردووە بۆ بەکارهێنەر، تەنانت خاڵی لێکچوونیشیان لەگەڵ ویندۆزدا هەیە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکەن بۆ کەسێک کە لە ویندۆزەوە دێتە سەر لینوکس، بۆ نموونە ڕووکارەکانی (سینەمن و پلازما و گنۆم و هتد.)، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، من ڕووکارەکانی لینوکسم زۆر پێ لە هی ویندۆز جوانترە، بە تایبەتی گنۆم.

بەشێوەیەکی گشتی، هەر دابەشکراوەیەک یەک ڕووکار بەکاردەهێنێت، ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە بەکارهێنەر ناتوانێت ڕووکاری تر دامەزرێنێتە سەری،  ڕووکارەکانی تر لە تێرمیناڵەوە دادەبەزێندرێن و جێگیر دەکرێن، بەکارهێنەر دەتوانێت لە کاتی چونە ژورەوە ئەو ڕووکارە دیاری بکات کە مەبەستییەتی.

لینوکس بێ وێنەیە!

هەرگیز سیستەمێکی وەگەڕخەری تەواو نایاب دروست ناکرێت، بەڵام هەموویان بەردەوام هەوڵدەدەن کە ببن بە باشترین وێنەی خۆیان. هەرچەندە سیستمەێکی تەواو نایاب بۆ تۆ ئەو سیستەمەیە کە پێویستییەکانت پڕ دەکاتەوە. کەواتە هیچ ڕووکارێکی تەواو نایابیش بەردەست نابێت، بەڵام ئەو ڕووکارەی کە تۆ لەگەڵی ئاسوودەیت، کە تۆ بە بەکارهێنانی خەرمانت زیاترە، ئەوە بۆ تۆ نایابە، دەشکرێت تەنها لەبەر ئەوەی پێت جوانە، ببێتە ڕووکارێکی نایاب بۆ تۆ.

تان و پۆ

هیچ شتێک ئازگار نییە. بەداخەوە جیهانی لینوکسیش کەم کوڕی هەیە، ئەمەی خوارەوە چەند تان و پۆێکە ئەگەر بڕیارتدا لینوکس بەسەر ویندۆزدا هەڵبژێریت.

  •  دابەشکراوەکانی لینوکس لە ویندۆز خێراترن، بەڵام بۆ یاریکردن (Gaming) دەست نادەن.
  •  دابەشکراوەکانی لینوکس زیاتر پارێزراوترن لەچاو ویندۆز، بەڵام هەندێ نەرمەکاڵاش هەیە کە لە ویندۆزدا هەیە و بۆ لینوکس بەردەست نییە، وەکو بەرهەمەکانی ئەدۆبی و مایکرۆسۆفت ئۆفیس.
  • لینوکس سەرچاوە کراوەیە و زۆربەی دابەشکراوەکانی بەخۆڕایین.
  • لینوکس بە چەند ڕووکارێکی جیاواز بەردەستە.
  •  تەواو لە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆت دایە.

پێش ئەوەی بێیتە سەر لینوکس، بیرت نەچێت گەڕانێک بکە بۆ ئەو نەرمەکاڵایانەی کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنیت و دڵنیابە خۆیان یان هاوشێوەیان لەسەر لینوکس بەردەستن.


سەرنجەکان

یەک وەڵام بۆ “ئایە لینوکس بژاردەیەکی دروستە؟”

  1. Have you ever considered creating an ebook or guest authoring
    on other sites? I have a blog centered on the same information you discuss
    and would really like to have you share
    some stories/information. I know my viewers would enjoy your work.
    If you are even remotely interested, feel free to send me an email.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *