لە لینوکسدا، دەکرێت سیستەمەکەت زیاتر لە بەکارهێنەرێکی هەبێت و هەر یەکەشیان کۆمپیتەرەکە تایبەت بەخۆی بەکاربێنێت بەبێ ئەوەی پەڕگە و بەڵگەنامەی یەکتر ببینن. واتا هەر بەکارهێنەرێک خاوەنی بوخچەی ماڵی خۆیەتی و دەتوانن پەڕگە و بەڵگەنامەی تایبەتی خۆیان تێیدا دابنێین و کاری لەسەر بکەن.  بۆیە لەم بابەتەدا، بە کورتی هەوڵدەدەم باسی بەکارهێنەران و گروپەکان لە لینکوسدا بکەم چونکە بابەتێکی زۆر گرنگە و بە کەڵکە بەتایبەت بۆ ئەوانەی کاری ڕاژە (سێرڤەر) دەکەن. 

بەکارهێنەر چییە؟
بەکارهێنەر بریتییە لەو تاکەی کە سیستەمەکە بەکاردەهێنێت و خاوەنی کۆمەڵێک ماف و مۆڵەتی دیاریکراوە. دەکرێت چەند جۆرێک لە بەکارهێنەرت هەبێت و بە ئارەزوو و پێویستی خۆت ماف و مۆڵەتیان پێبدەیت. واتا دەکرێت تۆ لە سیستەمەکدا بەکارهێنەرێک بۆ کوڕەکەت دروست بکەیت و تەنها ڕێگەی بدەی دەستی بگات بە بەشی وێنەکان نەک بەڵگەنامەکان و پەڕگەکانی سیستەم.

گروپ چییە؟
گروپ واتا لە گروپێک لە بەکارهێنەر کە هەمان ماف و مۆڵەتیان هەیە. بۆ نموونە تۆ بەڕیوەبەری ڕاژەیەکی و چەند کەسێک لە خوار تۆوە کار دەکەن. ئەم کارمەندانە پێویستە دەسەڵاتی بوخچەی ماڵەوەیان هەبێت کە پەڕگە زیاد و کەم بکەن، هەروەها بتوانن پەڕگەکانی سیستەم تەنها ببینن بەبێ ئەوەی دەستکاریان بکەن، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانی گروپێکیان بۆ دروست بکەیەت و زیادیان بکەیتە ئەم گروپەوە.

هەر بەکارهێنەرێک لە سیستمدا خاوەنی ناو، ناوی بەکارهێنەر، تێپەڕەوشە و ئایدی تایبەتی خۆیەتی، جا سیستەم بۆ بەڕێوەبردنی بەکارهێنەرە جیاوازەکانی سێرڤەر، (UID)ی بەکارهێنەرەکان بەکاردەهێنێت. گروپیش هەروەکو بەکارهێنەر خاوەنی ئایدی تایبەتی خۆیەتی کە پێی دەڵێن (GID). 

لە لینوکسدا، لە زیاتر لەو مرۆڤە ئاساییانەی کە سیستەمەکە بەکاردێنن بەکارهێنەرانت هەیە. هەندێک جار ئەم بەکارهێنەرانە جنۆکەی سیستەمن کە بەردەوام پرۆسەکان جێبەجێ دەکەن بۆ ئەوەی سیستەم کارا بمێنێتەوە. یەکێک لە گرنگترین بەکارهێنەران بریتییە لە ڕووت (root) یان سوپەریوزەر، ڕووت بەهێزترین بەکارهێنەرە لە سیستەمدا، ڕووت دەتوانێت دەستی بە هەر فایلێک بگات و هەر پرۆسەیەک دەستپێبکات و کۆتایی پێبێنێت. لەبەر ئەو هۆکارە، مەترسیدارە ئەگەر هەموو کات وەک ڕووت کاربکەیت، دەکرێت بە هەڵە پەڕگە گرنگەکانی سیستەم بسڕیتەوە. بە خۆشحاڵیەوە، ئەگەر دەستپێگەیشتنی ڕووت پێویست بێت و بەکارهێنەرێک دەستپێگەیشتنی ڕووتی هەبێت، دەتوانێت فەرمانێک وەک ڕووت جێبەجێ بکات لە ڕێگەی فەرمانی sudo. 

ئێستا بە کرداری سەیرێک بکەین! تێرمیناڵ بکەوە و ئەم فەرمانە بدە:

$ cat /etc/shadow

بینیت! یەکسەر دەڵێت مۆڵەتت نییە ئەم پەڕگەیە ببینیت. ئێستا ئەم فەرمانەی خوارەوە بدە و سەیری مۆڵەتەکانی پەڕگەکە بکە:

$ ls -la /etc/shadow
-rw-r----- 1 root shadow 1134 Dec 1 11:45 /etc/shadow

لەم بابەتەدا باسی مۆڵەتەکان ناکەم، بەڵام لە چەند بابەتی داهاتوو بە وردی باسی دەکەم و ڕونی دەکەمەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە تێیبگەیت ئەوەیە کە ئەم پەڕگەیە تایبەتە بەوەی کە بەڕێوەبەری سیستەمەکەیە، واتا دەسەڵاتی ڕوتی هەیە. ئێستا با وەکو بەڕێوەبەر هەمان فەرمانی سەرەوە بدەین:

$ sudo cat /etc/shadow

ئێستا چونکە وەکو بەڕێوەبەر فەرمانت کردووە پەڕگەکە ببینیت، ناوەڕۆکەکە کراوەیە.

وەکو لە سەرەوە دیارە، دەتوانیت وەکو سوپەریوزەر فەرمان بدەیت ئەگەر وشەی (sudo) لە پێش فەرمانەکە بنووسیت، هەروەها دەشتوانیت بەکارهێنەرەکە بکەیت بە ڕووت و چیتر ئەم وشەیە لە پێش فەرمانەکان نەنووسیت، بەم شێوەیەی خوارەوە:

$ su

 بەڵام ئەمە بژاردەیەکی باش نییە و کارێکی مەترسیدارە، چونکە زۆر کەم فەرمان هەیە کە پێویستیان بە دەسەڵاتی ڕووتە، بۆیە دەکرێت هەڵە بکەیت و لێکەوتەی نەرێنی هەبێت. وا باشتر هەر کات ویستت وەکو بەڕێوەبەر فەرمان بدەیت، وشەی (sudo) لە پێش فەرمانەکە بنووسیت. 

جا دەکرێت تۆ بزانیت و تێبگەیت کە چ فەرمانێک پێویستی بە مۆڵەتی بەڕێوەبەرە، بەس لەوەیە نەزانی چ بەکارهێنەرێک دەتوانێت داوای مۆڵەتی بەڕێوەبەر بکات چونکە خۆ سیستەمەکە ڕێگە نادات هەر کەس بیەوێت داوای مۆڵەتی بەڕێوەبەر بکات. کەوایە چۆن بزانین کام بەکارهێنەر دەتوانێت داوای ئەم مۆڵەتە بکات؟ پەڕگەیەک هەیە بەناوی (sudoers) کە لیستی ئەو بەکارهێنەرانەی تێدایە. دەتوانیت دەستکاری ئەم پەڕگەیە لە ڕێگەی فەرمانی (visudo) بکەیت.

بۆ ئەوەی بابەتەکە درێژتر نەبێتەوە، سێ فەرمانی تر باس دەکەم بۆ ئەوەی بتوانن بەکارهێنەر زیاد و کەم بکەن لە سیستەمەکەتاندا. 

١. زیادکردنی بەکارهێنەر:

بۆ زیادکردنی بەکارهێنەرێکی ئاسایی ئەم فەرمانە بدە:

$ sudo useradd linuxKrd

فەرمانەکە خۆی ئامرازی () بەکاردێنێت و هەموو پەڕگە و بوخچەکانی بەپێی یاساکانی سیستەمەکە بۆ دروست دەکات.

٢. سڕینەوەی بەکارهێنەر:

بۆ سڕینەوەی بەکارهێنەرێک لە سیستەمەکەدا، ئەم فەرمانە بدە:

$ sudo userdel bob

تەمەن باقی بێت و کات هەبێت، لە بابەتەکانی داهاتوو باسێکی ورد و قوڵتری بەکارهێنەرەکان دەکەین. 


ئاگا ئیسماعیل
ژمارەی بابەتەکان: 28

بەخۆم دەڵێم شێف و هیچیش نازانم. دوژمنی کونی چاویشم شویتە (شبیت). ‌هیوایەتیشم خواردنی هیندییە!







linux.krd/?p=3466


بەکارهێنانی wget بۆ داگرتنی پەڕگە لە لینوکسدا
2025/05/02

پێکردنی گڵۆپی پشت تەختەکلیل
2022/12/08

چاککردنەوەی گروب (GRUB) دوای نوێکردنەوەی ویندۆز
2022/11/24

ئایە لینوکس بژاردەیەکی دروستە؟
2022/10/20

کاراکردنی کردنەوەی قوفڵ بە دەموچاو (Face Unlock)
2022/10/13

چۆنێتی گەڕاندنەوەی زانیاری ونبوو و سڕاوەکان
2022/08/17

چۆنیەتی دامەزرندنی چوارچێوەی Ionic
2022/07/19

پەیوەندی بە لینوکسی ئۆبونتو لە ویندۆز١١
2022/06/07

دامەزراندنی وۆردپرێس لە سەر ویندۆز ١١
2022/06/04

دامەزراندنیphpMyAdminلەسەر ویندۆز١١
2022/06/03

نوێکارییەکانی ئوبونتوی ٢٢،٠٤
2022/04/19

بۆچی پێویستە واز لە ویندۆز بێنیت و لینوکس بەکار بهێنیت؟
2022/02/27

دەستپێگەیشتن بەSambaـی ئوبونتو لە ویندۆز١١
2021/09/07

دامەزراندنی OwnCloudلەسەر ویندۆز١١
2021/09/06

دامەزراندنی ژێرسیستەمی ویندۆز بۆ لینکوس
2021/09/05