چاککردنەوەی گروب دوای نوێکردنەوەی ویندۆز

چاککردنەوەی گروب (GRUB) دوای نوێکردنەوەی ویندۆز

زۆر کەس هەیە ناچارە کە هەردوو سیستەمی لینوکس و ویندۆزی هەبێت لەسەر کۆمپیتەرەکەی؛ جا بەهەر هۆکارێک بێت. بەڵام ئەمە دەرد و سەر ئێشەشی کەم نییە، هەر چەندە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی من بێت کە خەتاکە لە لینوکس و بووتی گروب (GRUB) نییە، بەڵکو لە ویندۆزە کە لەگەڵ نوێبوونەوەی وا دەکات بووتەکەی خۆی جێگەی هەموو بووتەکانی تر بگرێتەوە، دەرئەنجام گروب (GRUB) دەچێتە دۆخی دەربازبوونەوە (Resuce Mode). لەم بابەتەدا، باسی ئەوە دەکەم کە چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، هەڵبەتە ئەگەر هیچ بیرۆکەیەکت نییە کە دوانەبووتی ویندۆز و دابەشکراوەیەکی لینوکس چییە، ئەوا پێشنیار دەکەم ئەم بابەتی (دوانە بووت: دامەزراندنی ئوبونتو و ویندۆز بەیەکەوە) بخوێنییەوە.

تێبینی: تکایە بزانە ئەم ڕێگەیە کاتێک دروستە ئەگەر هاتوو هەڵەکە لە فایلی گروب دروست بووبوو نەک بەڕێوەبەری بوتی ویندۆز!

بۆ ئەوەی كێشەکەمان چارەسەر بکەین، پێویستمان بە ئامرازێک دەبێت بەناوی Boot Repair، جا لەبەر ئەوەی دەستمان ناگات بە سیستەمەکەمان، بۆیە پێویستمان بە سیستەمێکی زیندوو هەیە لەسەر فلاش درایڤێک. لە بابەتێکدا بەناوی (دروستکردنی Live USBـی ئوبونتو لەسەر ویندۆز) باسمان کردووە کە چۆن ئامادەی بکەیت. دوای ئامادەکردنی سیستەمە زیندووەکە، فلاشەکە بخە سەر کۆمپیتەرەکە و دووبارە پێیبکەوە.

ئەگەر ئوبونوتوت بەکارهێنا، ئەوا بژاردەی (Try Ubuntu without installing) هەڵبژێرە و ئەم هەنگاوانەی خوارەوە؛ وەکو خۆی ئەنجام بدە.

  1. تێرمیناڵ بکەوە و ئەم فەرمانەی خوارەوەی پێ بدە:
    sudo apt-add-repository ppa:yannubuntu/boot-repair && sudo apt-get update

    ئەم فەرمانەی سەرەوە، سەرچاوەی دامەزراندنی توڵی Boot Repair بۆ سیستەمەکە زیاد دەکات.

  2. هەر لە تێرمیناڵەکەوە، توڵەکە بەم فەرمانەی خوارەوە دامەزرێنە:
    sudo apt-get install -y boot-repair
  3. دوای دامەزراندن، بەم فەرمانە توڵەکە بخە کار:
    boot-repair

توڵەکە خۆکارانە هەموو دیسکەکان لەسەر سیستەمەکەت سکان دەکات بۆ دۆزینەوەی پارتێشنی ext4. دوای ئەوە، دوو بژاردەت دێتە بەردەست، کرتە لەسەر (Recommended Repair) بکە و خۆی هەموویت بۆ چارەسەر دەکات، ئەگەریش شارەزاییت لێی هەیە، بژاردەکەی تر هەڵبژێرە و هیوای بەختێکی باش.

ئەگەر هاتەپێشت و گوتی کە secure boot چالاکە، کرتە لەسەر continue بکە، پاشان بچۆ BIOS؛ لەوێ ناچالاکی بکە.

 

دوای تەواوبوون، سیستەمەکەت ڕیستارت بکە و نابێت هیچ کێشەیەکی هەبێت، هەرچەندە دەکرێت کێشەکەت بەمە حەل نەبێت، لەم حاڵەتەدا، پێشنیار دەکەم کەیسی یەکەمی ئەم بابەتە بخوێنیتەوە، ئەگەر هەر چارەسەر نەبوو، گەڕانێکی وردتر بکە و بۆ چارەسەرەکەی بگەڕێ، بەهیوام نەگاتە ئەوەی دووبارە سیستەمەکەت دامەزرێنیتەوە.

 

بەهیوای سوود…


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *