دامەزراندنی xampp لەسەر ئوبونتو

دامەزراندن و بەکارهێنانی XAMPP لەسەر ئوبونتو

وەکو لاتان ئاشکرایە کە زامپ ئامرازێکە لە بواری گەشەپێدانی وێبدا بەکاردێت و یارمەتی گەشەپێدەر دەدات کە سێرڤەرێکی ناوخۆیی و بنکەدراوەکانی چالاک بکات، بەمەش دەتوانێت پڕۆژەیەکی وێب دروست بکات و پێش بڵاوکردنەوە تاقیبکاتەوە. هەوڵدەدەم لەم وتارەدا بە سادەیی باسی دامەزراندن و بەکارهێنانی XAMPP بکەم.

هەنگاوی یەکەم: دامەزرادندنی (XAMPP)

سەردانی ماڵپەڕی سەرەکی پڕۆژەکە بکە بۆ داگرتنی پەڕگەی دروست. بیرت بێت کە XAMPP بە وەشانی جیاواز بەردەستە، دڵنیابە لەوەی کە دروستەکە دادەبەزێنیت.

download-xampp

دوای داگرتنی وەشانی دروست، کرتەی لای ڕاستی لەسەر بکە و بەشی تایبەتمەندییەکانی (Properties) بکەوە، لەوێشەوە کرتە لە بەشی مۆڵەتەکان (Permissions) بکە. وەکو ئەم وێنەیەی خوارەوە مۆڵەتی کارکردنی وەکو پرۆگرام (Allow executing file as program) بۆ بەکارهێنەرەکان پێ بدە.

مۆڵەتی زامپپ

دواتر وەکو بەڕێوەبەر پڕۆگرامەکە بکەوە. هەندێک دابەشکراوە بژاردەی (Run as Adminstrator) بۆ بەڕێوەبەری پەڕگەکانیان زیادکردووە، ئەگەر هی تۆ نییەتی، پەنجەرەیەکی تێرمیناڵ لە بوخچەکەدا بکەوە و، ئەم فەرمانە بدە:

sudo ./xampp-linux-*-installer.run

وریابە کە نیشانەی * لە فەرمانەکەی سەرەوە بکەیتە وەشانی XAMPP، یانیش هەر کە نووسیت xampp پەنجە بنێ بە دوگمەی Tab لەسەر تەختەکلیلەکەت، خۆی هەموویت بۆ دەنووسێت. دوای پێدانی فەرمانەکە، پەنجەری دامەزراندنی XAMPP دەکرێتەوە کەم بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

xampp1

کرتە لەسەر دوگمەی (Forward) بکە تا دەگەیتە کۆتا هەنگاو کە دەڵێت ئێستا XAMPP ئامادەیە دامەزرێت. بڕوانە ئەم وێنەیەی خوارەوە.

xamppready

دوبارە کرتە لەسەر دوگمەی (Forward) بکەوە و چاوەڕێ بکە تا دادەمزرێت. کەمێک ئارامت هەبێت چونکە بڕێک کات دەگرێت. دوای دامەزران، پەنجەرەی XAMPP دەبێتەوە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە، دەشتوانی دواتر بەم فەرمانەی خوارەوە بیکەیتەوە. XAMPP پێویستی بە دەسەڵاتی بەڕێوەبەر هەیە بۆ ئەوەی کاربکات، بۆ دڵنیابە هەمیشە سودۆ لە پێش فەرمانەکە بنووسیت.

sudo /opt/lampp/./manager-linux-x64.run

xampp-window

هەنگاوی دووەم: کردنەوەی XAMPP بەئاسانی

جا بۆ ئەوەی هەمیشە نەچینە تێرمیناڵ و فەرمان بدەین، دەتوانین قەتبڕێک دروست بکەین و کەمێک کارمان خێراتر و ئاسانتر دەکات. واتا ئایکۆنی بەرنامەی XAMPP لە لیستی نەرمەکاڵاکان دەردەکەوێت.
بۆ ئەمەش پەنجەرەیەکی تێرمیناڵ بکەوە و، بوخچەی applications بکەوە:

cd /usr/share/applications

پەڕگەیەک دروست بکە بە هەرناوێک کە حەزدەکەیت و پاشگری (desktop) بدەیە. من بەناوی xampp.desktop دروستی دەکەم.

sudo touch xampp.desktop

پاشان بە هەر پڕۆگرامێک وەکو ئەدمین پەڕگەکە بکەوە و ئەم چەند دێڕەی خوارەوە بخزێنە ناوی:

[Desktop Entry]
Version=1.0
Type=Application
Name=XAMPP Control Panel
Exec=sudo /opt/lampp/manager-linux-x64.run
Icon=/opt/lampp/htdocs/favicon.ico
Terminal=false
StartupNotify=false

من نانۆ بەکاردەهێنم، سادە و ساکار!

sudo nano xampp.desktop

جا ئەگەر لەسەرەوە بیرتان بێت، ئێمە وەکو بەڕێوەبەر یان ئەدمین دەمانتوانی XAMPP بکەینەوە چونکە پێویستی بە چەند دەسەڵاتێکی بەڕێوەبەرە! کە پڕۆگرامێکیش وەکو بەڕێوەبەر بکەیەوە، پێویستە تێپەڕەوشەی پێ بدەیت بۆ ئەوەی بە تەواوی کاربکات، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەنە چەند دێڕەکەی سەرەوە، لە تێرمیناڵ نووسیمە فۆڵس؛ بەمەش داوای تێپەڕەوشە ناکات و، پڕۆگرامەکە کار ناکات! بەڵام ئێمە ئەوە دەکەین بۆ ئەوەی تێرمیناڵ نەکەینەوە، جا لەبری ئەوە دەچین پەڕگەی ئەو برادەرانە دەکەینەوە کە کاریان لەگەڵ بەڕێوەبەرە (پەڕگەی sudoers)، لەو پەڕگەیەدا دێڕێک دەنووسین و دەڵێن کاکە گیان ئەگەر دنیابوو XAMPP بۆ ئەم (*بەکارهێنەر) ویستی کار بکات، با داوای تێپەڕەوشە نەکات. بۆ ئەمەش ئەم هەنگاوانە بکە:

١. ئەم فەرمانەی خوارەوە بدە:

sudo visudo

کە فەرمانەکە جێبەجێ بوو، بچۆ کۆتایی و ئەم دێڕەی خوارەوە زیاد بکە، پاشان پاشەکەوتی بکە.

aga ALL = NOPASSWD: /opt/lampp/manager-linux-x64.run

کاکە گیان دڵنیابە لە جێگەی aga لە دێڕەکەی سەرەوە، ناوی بەکارهێنەرەکەی خۆت بنووسیت!

ئێستا دەتوانیت لە بەشی نەرمەکاڵاکانی کۆمپیتەرەکەت XAMPP بدۆزیتەوە و، بێ ئەوەی داوای تێپەڕەوشە بکات ببێتەوە. بۆ ئەوەی پڕۆژەکەشت هۆست بکەیت، پەڕگەکانی پڕۆژەکەت دەخەیتەوە بوخچەی htdocs و لە وێبگەڕ دەنووسیت localhost//.

بوخچەی htdocs دەکەوێتە:

/opt/lampp/htdocs/

بیرت بێت، بۆ ئەوەی بتوانیت کار لەو بوخچەیەدا بکەیت، پێویستت بە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرە.

بەهیوای سوود.


سەرنجەکان

یەک وەڵام بۆ “دامەزراندن و بەکارهێنانی XAMPP لەسەر ئوبونتو”

  1. I like this web blog very much, Its a rattling nice post to read and receive information.Raise blog range

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *