باکئەپ و گەڕاندنەوە لە ئوبونتودا

باکئەپ و گەڕاندنەوە لە ئوبونتودا

سڵاوتان لێ بێت ئازیزانی لینوکس بە کوردی و، دنیای سەرچاوە-کراوە لە کوردستان، بە هیوام هەمووتان تەندروست باش بن.

لەم بابەتەمدا، هەوڵدەدەم بە کورتی و سادەیی باسی چۆنییەتی باکەئەپکردن و گەڕاندنەوەی زانیارییە باکئەپکراوەکان بکەم لەسەر ئوبونتو، یان هەر دابەشکراوەیەکی دێبیان یان هەر دابەشکراوەیەکی تر کە لە ئوبونتووەوە سەرچاوەی گرتبێت.

تێبینی: من سیستەمی وەگەڕخەری ئێلیمێنیتری بەکاردە‌هێنم.

وەکو لای هەمووتان ئاشکرایە کە هەبوونی باکەئەپێکی سیستەم و داتاکانت زۆر جار دەبێتە فریادڕەس و، لە تەنگانەدا بە فریات دەکەوێت، بۆ گرنگە کە بزانین چۆن ئەم کارە بکەین و چ کاتێک بیکەین. ئێستاش فەرموو با دەست پێ بکەین.

هەنگاوی یەکەم: دامەزراندنی تایمشفت

چەندین نەرمەکاڵای تایبەت بە باکئەپکردن لەسەر لینوکس بەردەستن، بەڵام لای من تایمشفت (Timeshift) زۆر بێ کێشەیە و، نازدارە! بۆیە سەرەتا فەرمان بدە بە سیستەمەکەت کە تایمشفت دامەزرێنێتە سەر سیستەمەکەت بەم فەرمانەی خوارەوە:

sudo apt install timeshift

دوای دامەزراندن، چیتر پێویستمان بە تێرمیناڵ نامێنێت، بۆیە دایخەوە و، هەناسەیەک هەڵمژە، ئینجا لە لیستی بەرنامەکاندا، بۆ تایمشفت (Timeshift) بگەڕێ و، بیکەوە.

هەنگاوی دووەم: سازکردنی تایمشفت

دوای ئەوەی دەیکەیتەوە، تایمشفت شتێکی ئامادە کردووە بەناوی Setup Wizard، واتا جادوگەری سازکردن، لێرەدا کۆمەڵێک پرسیارت لێ دەکات و، کۆمەڵێک بژاردەت پێ دەدات، ئیتر پێبەند بە بژاردەکانی تۆ، تایمشفتت بۆ ساز دەکات.

پرسیاری یەکەم: هەڵبژاردنی جۆری سناپشۆت

بە کورتی، سناپشۆت بریتییە لە کۆپییەک لە پەڕگەکانی سیستەمەکەت بە بەکارهێنانی جۆرێک لە سناپشۆتەکان، دوو جۆرمان بەردەستە کە بریتین لە RSYNC و BTRFS. من بژاردەی یەکەم هەڵدەبژێرم چونکە ئامرازەکانی BTRFSـم دانەمەزراندوون و، فایل سیستەمی BTRFS بەکارناهێنم. دوای دیاریکردنی بژاردە، کرتە لەسەر Next بکە.

پرسیاری دووەم: شوێنی هەڵگرتنی سناپشۆتەکە

ئێستا کە جۆری سناپشۆتەکەمان دیاریکردووە، کاتی ئەوە شوێنێک هەڵبژێرین کە تێیدا پاشەکەوتی بکەین. دیسک یان هەر شوێنێکی تری نیازتان هەڵبژێرن و، کرتە لە Next بکە.

ئاگاداربە:

١. تەنها ئەو ئامێرانە پشان دەدرێن کە خاوەنی لینوکس فایل سیستەمن، نەک فایل سیستەمەکانی ویندۆز وەکو (FAT و NTFS و هتد.)
٢. شوێنی دوور و سەر ڕایڵە بەردەست نین.

پرسیاری سێیەم: کەی بائکەپ بکات؟

لێرەدا، دیاریبکە کە تایمشفت کەی باکئەپی سیستەمەکەت بکات، ئایە ڕۆژانە (Daily)، هەفتانە (Weekly)، مانگانە (Monthly)، یان هەموو کاتژمێرێک (Hourly) یان لەگەڵ بووت (Boot).
بژاردەی هەفتانە لەگەڵ من گونجاوە، کامیان بۆتۆ گونجاوە ئەوە هەڵبژێرە.

پرسیاری چوارەم: بوخچەکانی ماڵەوەشت بۆ باکئەپ بکات یان نا؟

خۆی لە بنەڕەتدا، تایمشفت بوخچەکانی کە لە وێنەکەی خوارەوەدا دیارن، باکئەپیان ناکات، بەڵام دەتوانی کرتە لە Include All Files بکەیت لە ئاستی هەر بوخچەیەک، بەمە بوخچەی دیاریکراوش حسابی بۆ دەکرێت و، باکئەپ دەبێت، دواتر کرتە لەسەر Next بکە. بڕوانە ئەم دوو وێنەیەی خوارەوە:

سازکردن تەواو! ئێستا دەڵێت سازکردن تەواو، کرتە لەسەر Finish بکە بۆ ئەوەی بچینە سەر ڕووکاری بەرنامەکە.

ئەمەی خوارەوە، ڕووکاری بەرنامەکەیە:

تێبینی: دەکرێت لە سیستەمەکەی تۆدا، ڕاستەوخۆ پێبەند بە وەڵامی پرسیارەکان، سناپشۆتێکی دروست کردبێت، لای من نەیکرد، بۆیە خۆم دەیکەم، ئەمەش زۆر ئاسانە، لە سەرەوە لە دەستە چەپ لیستێک بژاردەمان هەیە، یەکەم دانە نووسراوە (Create)، کرتەی لێبکە و، ئەمەی خوارەوەت پشان دەدات، چاوەڕێ بکە تا تەواو دەبێت.

دوای تەواوبوون، وەکو لە وێنەکەی خوارەوەدا دیارە، کات و ڕێکەوت و ناوی سیستەمەکەت پێ دەڵێت کە سناپشۆتی بۆ دروستکراوە.

جا ئێستا فێربووین چۆن باکئەپ بکەین، با فێربین چۆن گەڕاندنەوە بکەین، ئەمە دەکەینە دوو لق، (١) کاتێک دەتوانیت بچیتە ناو سیستەمەکەت، (٢) کاتێک ناتوانیت بچیتە ناو سیستەمەکەت.

(١) کاتێک دەتوانیت بچیتە ناو سیستەمەکەت: 
ئەمە زۆر ئاسانە، هەر تایمشفت بکەوە و، یەکێک لە سناپشۆتەکان دیاری بکە، پاشانە لەسەرەوە لە تەنیشت (Create) نووسراوە (Restore)؛ کرتەی لەسەر بکە و، هەنگاوەکانی دواتر ئەنجام بدە. تەواو!
(٢) کاتێک ناتوانیت بچیتە ناو سیستەمەکەت: 
ئەمە واتا تۆ لە دۆخێکدایت کە دەستت ناکات بە ڕووکاری گرافیکی کۆمپیتەرەکەت، یان هەر ماڵی سیستەمەکەت وێران بووە و، تەخت بووە، بەڵام هیوایەکت بەو سناپشۆتانەیە کە دروستت کردوون.

لەم دۆخەدا، پێویستت بە USBـییەکی زیندوو (Live) دەبێت، وا باشترە هەر هی سیستەمەکە خۆی بێت، ئینجا بە فلاشەکە بچۆرە ناو سیستەمەکە و تایمشفت وەکو سەرەوە لەسەر سیستەمەکە دامەزرێنە. دواتر بەرنامەکە بکەوە و شوێنی باکئەپەکانت لەسەر دیسکەکەت هەڵبژێرە و، کرتە لە Restore بکە. هەر ئەوەندەیە! 

تێبینی: ئەگەر تایمشفت گوتی کاکە، ئەوە بووتلۆدەرت بۆ دادەمەزرێنمەوە، من پێمباشە لێی گەڕێی بیکات.

بەهیوای سوود


سەرنجەکان

یەک وەڵام بۆ “باکئەپ و گەڕاندنەوە لە ئوبونتودا”

  1. I have been exploring for a bit for any high-quality articles or blog posts in this kind of
    space . Exploring in Yahoo I ultimately stumbled upon this
    website. Reading this info So i am glad to convey that I’ve an incredibly good
    uncanny feeling I discovered just what I needed. I so much definitely will make certain to
    don?t omit this site and provides it a look on a relentless basis.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *