کاراکردنی کردنەوەی قوفڵ بە دەموچاو (Face Unlock)

لەم وتارەدا، هەوڵدەدەم زۆر بە سادەیی باسی ئەوە بکەم کە چۆن تایبەتمەندی کردنەوەی قوفڵ بە دەموچاو (Face Unlock) لەسەر دابەشکراوەی ئێلیمێنتری، ئوبونتو و، دابەشکراوەکانی تر کارا بکەین.

هەڵبەتە لای هەموومان ڕوونە کە کردنەوەی قوفڵ بەدەموچاو ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەدەسێنێت و، ئاسانکاری و خێراییەکی باشیش دابین دەکات، بەجۆرێک ئەوەی لەگەڵ پەنجەمۆر یان ناسینەوەی دەمچاو ڕابێت، نووسینی تێپەڕەوشە کەمێک بۆی بێزارکەرە.

وەکو دەزانن لەسەر سیستەمی وەگەڕخەری ویندۆز، مایکرۆسۆفت Windows Helloی دابینکردووە کە رێگە بە کۆمپیتەرەکەت دەدات بە ناسینەوەی دەموچاوی بەکارهێنەر، ڕێگەی بدات بچێتەژوورەوە و، داوای تێپەڕەوشەی لێ نەکات، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا، ئەوەندی من ئاگادار بم، هیچ دابەشکراوەیەکی لینوکس بە شێوەیەکی فەرمی ئەم تایبەتمەندییەی نەخستۆتە بەردەست بەکارهێنەران، بەڵام ئامرازێک هەیە کە ڕێگەت دەدات ئەمە لەسەر لینوکسەکەت کارا بکەیت.

تێبینی: هاورێی هێژا، ئەگەر کۆمپیتەرەکەت تایبەتمەندی ناسینەوەی دەموچاوی نەبێت، هەبوونی تەنها وێبکامێک بەس نییە!

ئێستاش با دەستپێ بکەین…

ئەو ئامرازەی کە بەکاری دەهێنین، ناوی Howdyـییە.

هاودی نەرمەکاڵایەکی سەرچاوە-کراوەیە کە رێگەت دەدات بە ناسینەوەی دەموچاو بچیتە ناو کۆمپیتەرەکەت و، پێدانی تێپەڕەوشە بە سیستەم تێپەڕێنیت. هەڵبەتە ئەمە تەنها بۆ چوونەژوورەوە نییە، بەڵکو لەو کاتانەی کە سیستەم داوای تێپەڕەوشە دەکات، ئەم ئامرازە کارا دەبێت و هەوڵدەدات دەموچاوی بەکارهێنەر بناسێتەوە!

من لەم بابەتەمدا، دابەشکراوەی ئێلیمێنتری بەکار دەهێنم، بەڵام تۆ ئەگەر دابەشکراوەی ئوبونتو هەر دابەشکراوەیەکی تری بنچینەکراو لەسەر ئوبونتو یان دێبیان بەکار دەهێنیت، پێموایە هەر ئەم پێڤاژۆیە بۆتۆش دەست دەدات و کێشەت بۆ دروست ناکات، خۆ ئەگەر کێشەشت بۆ دروست بوو، ئاگادارمان بکەوە.

هەنگاوی یەکەم: دامەزراندنی هاودی

تێرمیناڵ بکەوە و سەرچاوەی هاودی زیاد بکە، پاشان سیستەمەکە بەڕۆژ بکەوە و هاودی دامەزرێنەوە. بڕوانە ئەم فەرمانانەی خوارەوە:

sudo add-apt-repository ppa:boltgolt/howdy
sudo apt update
sudo apt install howdy

ئامرازی هاودی سێ جۆر پشتڕاستکرنەوەی دەموچاوی هەیە، خێرا (Fast)، مامناوەند(Balanced)، سەلامەت(Secure)، جا لە کاتی دامەزراندندا، داوات لێ دەکات کە جۆرێکیان هەڵبژێریت، وابزانم لە ناوەکانیانەوە دیارن کە ئەم سێ جۆرە چین بۆیە پێویست ناکات ڕوونیان بکەمەوە، من وەکو خۆم بژاردەی مامناوەند هەڵدەبژێرم (b).

ئیتر چاوەڕێ بکە تا هەمووی دادەمەزرێت و تەواو دەبێت.

هەنگاوی دووەم: ڕێکخستنی هاودی

جا ئێستا کە دامەزراندنی تەواو بوو، با ڕێکی بخەین و کارای بکەین.

هەنگاوی یەکەم لێرەدا، ڕێکخستنی پەڕگەی config ـە.
لێرەدا دەبێت بزانیت کۆمپیتەرەکەت کام وێبکامی بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێنێت، عادەتەن وێبکامی /dev/video0 بۆ ئەم مەبەستە بەکار دێت. دەتوانیت ئامرازی v4l-utils بەکاربهێنیت بۆ زانینی زانیاری دەربارەی وێبکامەکان. بۆ دامەزراندنی:

sudo apt install v4l-utils

بۆ ئەوەی لیستی وێبکامەکانت دەست بکەیت، ئەم فەرمانە بدە:

v4l2-ctl --list-devices

هەروەها دەتوانیت ئەم فەرمانەی خوارەوە بدەیت، بۆ ئەوەی زانیاری تەواوت دەست بکەوێت.

v4l2-ctl --all

ئێستا دوای ئەوەی زانیمان کام وێبکام بەکار دەهێنین، کاتی ڕێکخستنی پەڕگەی کۆنفیگە، بۆ ئەم مەبەستش، ئەم فەرمانە بدە بە سیستەم:

sudo howdy config

دوای ئەوە، بۆ هێڵی device_path بگەڕی و بنووسە /dev/video0، وەکو ئەم وێنەیەی خوارەوە:

پەڕگەکە پاشەکەوت بکە و وەرەدەر لێی.

هەنگاوی سێیەم: زیادکردنی دەموچاو بۆ هاودی

بۆ ئەوەی دەموچاوێک زیاد بکەیت، ئەم فەرمانەی خوارەوە بدە، ناوێک بدە بە دەموچاوەکە یان بە مۆدێلەکە و، بەڕێکی سەیری وێبکامی کۆمپیتەرەکەت بکە. پێشنیاز دەکەم چەند جارێک بە شێوە و دووری جیاواز دەموچاوی خۆت زیاد بکەیت بۆ ئەوەئ لە زۆرترین دۆخەکاندا بتوانێت بتناسێتەوە.

sudo howdy add

دوای فەرمانەکە، ناوێک بدە بە مۆدێلەکە و تەواو.

کۆمەڵێک تێبینی و زانیاری:

١. بۆ بینینی لیستی هەموو دەموچاوە زیادکراوەکان، ئەم فەرمانە بدە بە سیستەم:

sudo howdy list

٢. بۆ سڕینەوەی دەموچاوێک، ئەم فەرمانە بدە:

sudo howdy remove face_id

٣. بۆ وەستاندنی هاودی لەسەر سیستەمەکەت، ئەم فەرمانە بدە:

sudo howdy disable 1

٤. بۆ کاراکردنەوەی هاودی لەسەر سیستەمەکەت، ئەم فەرمانە بدە:

sudo howdy enable 0

٥. بۆ سڕینەوەی هاودی لەسەر سیستەمەکەت، سەرەتا فەرمانی یەکەم بدە و، دواتر فەرمانی دووەم:

sudo apt remove howdy
sudo apt autoremove

٦. ئەگەر ویستت سەرچاوەکەشی بسڕیتەوە، ئەم فەرمانە بدە:

sudo add-apt-repository -r ppa:boltgolt/howdy

 

بەهیوای سوود.

 

 


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *