نوێکاریەکانی ئوبونتوی ١٨.٠٤ (سەگی ئاوی)

له‌لایه‌ن

لە

ئوبونتوی وشانی ١٨.٠٤ بە پشتیوانی ٥ ساڵە لە لایەن کانۆنیکاڵ وشێندرا.واتە تا ٢٠٢٣.ز پشتیوانی لێدەکرێت.ناوی ئەم وشانە سەگی ئاوی بیۆنیکە (Bionic Beaver).دەتوانن لێرە لە مالپەڕی فەرمی بە خۆڕایی دایبگرن.

گەر پێشتر بە ئوبونتوی١٧.١٠ ئیشتان کردبێ لەم وشانە شتێکی سەیر نابینن تەنها ئەم وشانە بریتییە لە LTS واتە long-term support یان بە واتایێکی دیکە خاوەنی پاڵپشتی درێژخایەن.هەروا لە کێرنێڵ یا ناوکی لینوکسی ٤.١٥ سوودی لێ وەرگیراوە.GNOME 3.28 و LibreOffice 6.0 دوو بەشی بەهێزی ئەم وشانەن کە بە گۆڕانکاریێکی فرە بەڕۆژ کراونەتەوە. لەم وشانە بەجیاتی خزمەتگوزاری Wayland لە خزمەتگوزاری ڕاژەی Xorg بەهرە گیراوە.

شێلی GNOME بە جیاتی  Unity Desktop لەوشانی ئوبونتوی ١٨.٠٤ی پایەدار جێگیر بووە.

زۆرترین گۆڕانکاریێک کە لەم وشانە بەرچاو کەوتووە بە بەراوەرد لەگەڵ وشانی ١٦.٠٤ ژینگەی ڕوومێزییە، کە بە یەکجاری گۆڕدراوە.ئیتر بەکارهێنەر ڕوومێزیێک بە ناوی Unity نابینێ.هەروا گەشەپێدانی Unity 7 و Unity 8 ڕاوێستاوە.لەم نوێ کارییە HUD لابراوە هەروا دوکمەکانی پەنجێرە وەک گەورەکردن ،چکۆلەکردن چوونەتە لای ڕاستەوە.

ئەمە بەشێک لەو گۆڕانکاریانەیە:

 

ژینگەی ڕۆمێزی GNOME شریتی داک یان لانچێری هەیە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانن شوێنەکەی بگوازنەوە.ئەمەش بۆ بەکارهێنەرانی ماک و وێندۆس ناسراوترە.بەشی چوونەژوورەوە بە جیاتی LightDM لە لایەن GDM گنوم ئەنجام دراوە.بۆیە ئەم پەڕەش گۆڕانکاری بەسەر هاتووە.

بەشێکی دیکە کە زۆر گۆڕانکاری بەسەر هاتووە بە شی Settings کە هەم ئاسانکاری تێدا کراوە هەم بە یارمەتی خشتی گەڕان زۆر بە خێرایی دەتوانن ئەپی ڕێکخستنەکان پەیدا بکەن.نەرمەکالای بەڕێوەبردنی فایلەکان هەر وەک جاران Nautilus _ە.بۆ دامەزراندنی نەرمەکالاکان وەک جاران دەتوانن لە GNOME Software سوود ببینن.

سوودوەرگرتن لە Xorg

لە ئوبونتوی ١٧.١٠ لە خزمەتگوزاری Wayland بۆ ڕێندێرکردن و پیشاندان، سوودی دەبینی هەر چەندە کە Xorgیش بۆ هەڵبژاردەیێکی دیکە، بۆ بەکارهێنەر بوونی بوو .بەڵام لەم وشانە نوێیە ئوبونتو تەنها لە Xorg بەهرەی بردووە.

بۆگۆڕان بە Wayland لە سەر چەرخ لە پەڕەی چوونەژوورەوە کردتە بکەن و ئەم ڕەستە هەڵبژێرنUbuntu on Wayland بەڵام دەبێ ئاگادار بن کە Waylandیش سنووری هەیە. بۆ وێنە گەر هەرەکتانە لە درایڤی سەرچاوە دەخراوەی NVIDIA لە لووتکە سوود بگرن ،دەبێ بڕۆنەوە سەری Xorg، بۆ ئەوە کە ئەم کارتی گرافیکیە (NVIDIA) لە Wayland، پاڵپشتی ناکا.

 

هەرچەندە کە کانۆنیکاڵ(Canonical) هۆکاری دیکەشی هەیە بۆ سوودوەرگرتن لە ڕاژەی Xorg ،یەکێک هاوئاهەنگی لە گەڵ نەرمەکالاکانی هاوبەشیکردنی ڕوومێزی وەک Skype مایکرۆسۆفت و Hangoutsی گووگڵ بۆ دیتن یان هاوبەشکردنی ڤیدیۆی زیندوو لە سەر پیشانگەری ڕوومێزیە.هەروا نەرمەکالاکانی چاودێری لەدوورەوە وەک RDP و VNC.ئەوەش لەیاد نەبەین کە Xorg لە گەڕانەوەی(Recover) کڕاشی ڕووکار باشتر چالاکە.

شایەت لە وشانی Ubuntu 20.04 LTS کانۆنیکاڵ بیهەوێ لە ڕاژەی Wayland بە شێوەی پێشگریمان سوود بگرێ بەڵام ئەمە بە گەشەپێدەرانی Wayland بەسراوەتەوە.

پاڵپشتی لە وێنۆچکەکانی ڕووخسار(Emoji)

 

تا ئیشتا بە شێوەیێکی فەرمی ئەم کارە لە لایەن ئوبونتو نەکرابوو.بەڵام لەم وشانە بە فۆنتی Notoی گوگڵ بە شێوەیێکی ڕەنگی پاڵپشتی لە وێنۆچکەکانی ڕوخسار دەکرێت.ئەم ئێمۆجیانە بە شێوازی پێشگریمان لە ئەندرۆیدیش بوونی هەیە. بۆ چالاککردن بەم شێوازە کردار دەکەن کە لە کورتە کلیلەکان .+Ctrl   یا ;+Ctrl  لە ئەپەکانی جیاواز سوود بگرن،کە پەنجێرەیێک لە ئیمۆجیەکان دەکرێتەوە ئینجا دەتوانن هەڵبژاردن بکەن.

پینەکردنی ناوکی لینوکس یان کێرنێڵ بێ سه‌رله‌نوێ خستنه‌ڕێ

ئەم تایبەتمەندییە کە لە وشانی دیکەی ئوبونتویش بەدی کراوە Canonical Livepatch یان پینەکردنی زیندووە بێ ئەوە لە سەرەتاوە سیستەم ڕیبووت بکەیتەوە.واتە بەم تایبەتمەندییە دەتوانی ناوکی لینوکس پینە یان چاک بکەیتەوە بێ ئەوە کۆمپیوترەکەت ڕیستارت بکەی.ئەمەش بۆ ئەو ڕاژانە کە لەسەر ئوبونتو دامەزراوەن زۆر بە سوودە .بێ ئەوە کە خزمەتگوزاریەکانی ڕاژە لە کاربخرێ بۆ ماوەیێک دەتوانرێ باگەکانی کێرنێڵ پینە بکەین.لە کۆمپیوترە ڕوومێزیەکان دەتوانن زۆر بە ئاسانی بە شێوازی گرافیکی ئەم تایبەتمەندی (Livepatch )چالاک بکەن.

 

بۆ بەهرە لەم تواناییە دەتوانن لە هەژمارەیێک لە Ubuntu One بۆ سێ کۆمپیوتری جیاواز Livepatch چالاک بکەن و شێوەیێکی باشە بۆ داهاتی کانۆنیکاڵ.پاش دامەزراندن لە پەنجێرەی بەخێرهاتن لە ئوبونتو ڕێکخستنەکانی پینەکردنی زیندوو ئەنجام دەبێ.هەروا دەتوانن لە بەشی Software & Updates لە سەر سەرخشتی Update کرتە بکەن ئینجا بە کرتە لەسەر Sign لە لای ڕاستەی To use Livepatch you need to sign in چوونەژوورەوەتان بێ.

دامەزراندنی ئوبونتو بە کەمترین ئیمکانات بە شێوەی Minimal

کاتی دامەزراندنی ئوبونتوی١٨.٠٤ هەڵبژاردەیێک هەیە بەناوی Minimal installation ، کاتێک ئەم هەڵبژاردە پەسەند بکەن ئوبونتو بە شێوەیێکی زۆر سووک و سادە بۆتان دادەمەزرێ .تەنها وێبگەڕ و نەرمەکالا پێویستیەکان دادەمەزرێ.لەم حاڵەتە ئیتر لیبرە ئۆفیس،یارییەکان و پلەیەرەکان بوونیان نییە.

 

ئەڵبەت لەم هەڵبژاردە کە بە شێوازی کەمینە، ئوبونتو دادەمەزرێنێ تەنها ٤٠٠ مێگ لە قەبارەی ئوبونتو کەم دەبێتەوە.هەرچەندە دەتوانن ئەو نەرمەکالا پێداویستیانە دامەزرێنن،پاش دامەزراندن.

کۆ کردنەوەی زانیاری کۆمپیوتری بەکارهێنەران

کانۆنیکاڵ بۆ باشتر کردنی ئوبونتو نیازی بە زانیاری سیستەمی بەکارهێنەرەکانی هەیە ئەڵبەت ئەم زانیاریانە سنووری بەکارهێنەران دانابەزێنێ.پاش دامەزراندن، بەشێک لە زانیاریەکان بە شێوازی پەنجەرەیێک لە زانیاری سیستەم (system info) دەردەکەوێ و بە ڕێپێدانی بەکارهێنەر دەچێت بۆ ڕاژەکانی کانۆنیکاڵ.ئەم زانیاریەانە بریتییە لە وشانی ئوبونتو،شوێنی بەکارهێنەر،جۆری ڕێکخەر و دروستکەرەکەی،زانیاری وورد لە نەرمەکالاکان وەک جۆری ڕومێزی و…هتد، بۆ کانۆنیکاڵ ڕەوانە دەکرێ.

 

ماڵاوایی لە وشانی ٣٢ بیتی ئوبونتو

بۆ ئەوە کە لەم دواییە کانۆنیکاڵ ئوبونتوی بۆ ڕەقەکالای ئەم سەردەمە هاوئاهەنگ کردووە ئیتر پێویستی بە وشانی ٣٢بیت نییە.بەڵام بۆ سوود وەرگرتنی بەهێزتر لە ڕێکخەر و پاراستنی ڕەقەکالاکان بۆ هاک، باش وایە لە وشانی ٣٢ بیت سوود نەبینی.ئێوە دەتوانن وشانی ٣٢ بیتی ئوبونتو لە دابەشکراوەکانی دیکە کە لەسەر بنەمای ئوبونتو وشێندراوەن وەک Xubuntu 18.04 وە Ubuntu MATE 18.04 لە کۆمپیوترە لاوازەکانتان بە وشانی ٣٢ بیت بەهرە ببەن ئەڵبەت بە ڕومێزی Xfce و MATE .

 


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *