نوێکارییەکانی ئوبونتوی ٢٢،٠٤

هەر وەکو دەزانن کە ئوبونتو ٢ ساڵ جارێک وەشانێکی نوێی سیستەمەکەی دەخاتە بازاڕەوە و هەر وەشانێكیشی تا ٥ ساڵ پاڵپشتی دەکرێت. دەمێکە ئوبونتو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نە کردووە، لێ سەقامگیری، خێرایی، ئاسایش، پاڵپشتییەکی زۆر و بەردەوام وای کردووە کە زۆرینە بەکاری بهێنێت و لە پلە یەکەکاندا هەژمار بکرێت. لەم وتارەدا، باسێکی ئوبونتوی ٢٢.٠٤ دەکەین، بزانین کەی بڵاو دەبێتەوە و تایبەتمەندییە تازەکان چی دەبن.

ئوبونتو ٢٢٠.٤ “جامی جێڵیفیش”

کۆدنەیمی ئەم جارەی ئوبونتو بریتییە لە جامی جێڵیفیش. وشەی جامی (Jammy) بە واتای کەسێک یان شتێکی بەبەخت یان هەبوو دێت، هەروەها وشەی (Jellyfish) بە واتای بووکی دەریا دێت، کەواتە ناوی ئەم جارەی ئوبونتو بریتییە لە (بووکی دەریای بەبەخت یان بووکی دەریای هەبوو). هەبوو مەبەستم لە کەسێکە کە سامانێکی زۆری هەبێت، ئەها بۆ نموونە دەڵێن “بەخوا فڵان کەس هەبووە”.

ماوەی پاڵپشتی ئوبونتو ٢٢.٠٤

لەبەر ئەوەی ئوبونتوی ٢٢٠.٤ (LTS)ـە، واتا (Long-Term Support)ـە، بۆیە تاکو ٥ ساڵ لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەیەوە پاڵپشتی دەکرێت، پاڵپشتییەکان بریتی دەبن لە:

  • نوێکردنەوەی نەرمەکاڵاکان
  • چارەسەری کەلێنی ئاسایش
  • ناوکی نوێی لینوکس
  • بەڕۆژکردنەوەی درایڤەرە گرافیکییەکان

کەواتە، پاڵپشتی ئوبونتووەکە ساڵی ٢٠٢٧ کۆتایی پێدێت. دوای ئەوەش هەر پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام لە دۆخێکی تردا کە بریتییە لە ESM (Extended Support Mainteance). ئەم جۆرە پاڵپشتییە بۆ ٣ یان ٥ ساڵ دەبێت، بەڵام خۆکارانە نابێت.

شتێکی خۆشتر ئەوەیە ئەم سیستەمە تا ساڵی ٢٠٢٧ پاڵپشتییەکی بەردەوام دەکرێت، بەڵام ساڵی ٢٠٢٤ وەشانێکی تری نوێی دێت، ئەویش بۆ ماوەی ٥ ساڵی تر پاڵپشتی دەکرێت، جا ئەو کات کە تۆ ئوبونتو ٢٢.٠٤ بەکاربهێنیت، دەتوانیت ئاستی وەشانەکەت بەرز بکەیتەوە بۆ ئوبونتو ٢٤.٠٤ هەر وەکو چۆن ئێستا ئەگەر وەشانی ٢٠.٠٤ بەکار بهێنیت (وەکو خۆم) ئەوا دەتوانیت دوای بڵاوبوونەوەی وەشانی ٢٠٢٢، ئاستی بەرز بکەیتەوە.

وێنەی پاشبنەما

کۆمەڵێک وێنەی پاشبنەمای تازەی بۆ نەخشێندراون، بۆ نموونە:

زانیاری دەربارەی کاتی بڵاوبوونەوەی ئوبونتو ٢٢٠٤

  • Feature Freeze: ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢
  • UI Freeze: ١٧ی ٣ی ٢٠٢٢
  • وەشانی تاقیکاری (بێتا): ٣١ی ٣ی ٢٠٢٢
  • فریزی ناوک: ٧ی ٤ی ٢٠٢٢
  • بڵاوبوونەوەی کاندید: ١٤ی ٤ی ٢٠٢٢
  • بڵاوبوونەوەی کۆتایی و فەرمی: ٢١ی ٤ی ٢٠٢٢ (واتا دوو ڕۆژی تر لەم خولەکەی کە من ئەم بابەتە دەنووسم)

نەوتایبەتمەندییەکانی ئوبونتوی ئەم ساڵ

بە شێوەیەکی خێرا، ئەم جارە ئوبونتو وەیلاند (Wayland) وەکو ڕاژەی سەرەکی ڕونما بەکار دەهێنێت، نوێکارییەکە بەکارهێنەرانی NVIDIAـش دەگرێتەوە، هەروەها سویچەرێکی ئاسۆیی بۆ گۆڕینی ناوچەکارەکان زیادکراوە، لەگەڵیدا ئەپ لەنچەرێکی ئاسۆییش کە ڕێگەت دەدات ئەپەکانت ڕێک بخەیتەوە، هەندێک شتی تریش، وەکو باک-ئێندێکی تازەی دیواری ئاگرین.

تێکەڵەیەک لە GTK4 و گنۆمی ٤٢

ئوبونتوی ئەم جارە، نوێکارییە تازەکانی ئەم دواییەی گنۆمی ٤٢ـی لەخۆ گرتووە، هەروەها کۆمەڵێک نەرمەکاڵا و ئامراز و چوارچێوەی گنۆمی ٤٠. هەروەها بەشێکی باشی Gnome Shell 42 لە ئوبونتوی ئەم جارەدا بەردەست دەبێت، وەکو بەڕۆژکردنەوەی (ئەپدەیت – Update) ڕوومێزی شێڵ، توڵە تازەکەی بۆ سکرینشۆت، پاشدەرچەیەکی نوێی پانێڵی (Privacy) لە ئەپی ڕێکخستنەکاندا (Settings). هەروەها کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕووکەشی تر.

ubuntu 22.04 lts screenshot

هەر یەک لە ثیمی GTKـی یارو، سێتی ئایکۆنەکان، ثیمەکانی شێڵی گنۆم گۆڕانکارییەکانی ناو گنۆم ٤٢ـییان وەرگرتووە. بۆ نموونە ثیمی شێڵ چیتر “call outs”ـەکان لە پۆپئەپە ئەپلێتییەکاندا بەکار ناهێنێت. مەبەستمان لە پۆپئەپە ئەپلێتییەکان (applet pop up) بریتییە لە پەنجەرە بچووکەی کە دێتە سەر ڕونما بۆ کردنەوە یان ڕێگەدان یان پێدانی زانیارییەک بە بەکارهێنەر. بەڕاستی هیچ وشەیەکی کوردی گونجاو بۆ Pop up نازانم بۆی، بۆیە ئەگەر تۆ شتێک دەزانیت، ئەوا لە کۆمێنت بۆم بنووسە، یەک باوەش ڕێزت بۆ دەنێرم.

گۆڕانکارییەکی تر کە کراوە، کە زۆر تایبەتە، ئەویش بریتییە لە زیادکردنی چەند ڕەنگێک بۆ ڕەنگی ئەکسێنتی ئوبونتو کە پێشتر خۆی لە یەک ڕەنگدا زیندانی کرد بوو، ئەوش ڕەنگی پڕتەقاڵییە، ئێستا بە دڵی خۆت ڕەنگەکە بگۆڕە، حەز دەکەی بیکە بە پەمەیی یان کەسک. گۆڕانکارییەکی باشیش لە دۆخی تاریک و ڕوناکدا کراوە، ئێستا دەتوانین بڵێن کە زۆر لۆجیکی تر و باشترە.

screenshot of accent colours in ubuntu 22.04

بڕاندێکی نوێی ڕووکاری بەکارهێنەری (UI)ی توڵی سکرینشۆت کردن بەردەستە، کە دەتوانیت لە هەر کاتێکدا بێت، یان لە هەر شوێنێک بیت، بە دوگمەی prt sc یان prnt scrn بیکەیتەوە و کاری پێ بکەیت، یان دەتوانیت لە لەنچەری ئەپەکاندا بیدۆزیتەوە و بیکەیتەوە.

GNOME 42 new screenshot tool

توڵە کۆنەکەی گنۆم چیتر نەماوە، بەڵام ئەگەر لە وەشانێکی کۆنترەوە سیستەمەکەت بەڕۆژ و بەرز بکەیتەوە، ئەوا هەر تێیدا دەمێنێت، بەڵام بۆچیتە؟ ئەم تازەیە زۆر ناوازەیە و کیفایەتە. هەروەها چەندین ئەپ و نەرمەکاڵای سەرەکی بەڕۆژ کراونەوە، کە ڕێگە بە بەکارهێنەری ئوبونتو دەدات کۆمەڵێک تایبەتمەندی ناوازەی گنۆم ٤١ بەکار بهێنین، وەکو سویچکردن بۆ پاوەر مۆد بە شێوەیەکی خێرا، بژاردەی تازەی مەڵتی-تاسکینگی نوێ لە ڕێکخستنەکاندا (Settings)، هەر وەها کۆمەڵێک تویک کە دیزاین کراون بۆ یارمەتیدانی درێژکردنی ژیانی پاتری کۆمپیتەرەکەت.

ڕێگەیەکی تازە بۆ بەڕۆژکردنەوەی فیرموەیر (سیستەمەکەت)

بۆ چەندین ساڵ، سەنتەری نەرمەکاڵا (Software Center) بەرپرسی یەکەم بوو لە بەڕۆژکردنەوەی سیستەمەکەت، بەڵام لەگەڵ وەشانی ئەم جارە، ئەپێکی تر کە خاوەنی ڕووکارێکی گرافیکی بەکارهێنەری (GUI) دەبێت، بەردەست دەبێت بۆ بەڕۆژ کردنەوەی سیستەمەکەت، لێ ئەمە تەنها فرۆنت-ئێندێکە بۆ فەرمانی fwupd، بەڵام ئەمە بە هەنگاوێکی گەورە دادەنرێت کە ئوبونتو ناویەتی ڕوەو بە هاوڕێبوونی لەگەڵ بەکارهێنەرانیدا.

کەواتە ئێستا دەتوانین بڵێن، نوێکارییەکان بریتین لە:

  • گنۆم شێڵ ٤٢
  • بەڕۆژکردنەوەی ئەپەکان و نەرمەکاڵاکان
  • ناوکی لینوکسی LTSی وەشانی ٥.١٥
  • مێسا ٢٢
  • بژاردەی تازەی مەڵتی-تاسکینگ لە ڕێکخستنەکاندا
  • بژاردەی تازە بۆ دۆکی ئوبونتو لە ڕێکخستنەکاندا
  • نوێکردنەوەی ثیمی شێڵ و GTK
  • زیادکردنی گۆڕینی ڕەنگی ئەکسێنتی سیستەم
  • دامەزرێنەرێکی تازە (Ubuntu Installer)
  • پاڵپشتی کردنی ڕاسپبێری پای ٤
  • بەرزکردنەوەی وەشانی PHP بۆ ٨.١
  • پایثۆنی ٣.١٠.٠
  • گرەبی ٢.٠٦
  • GCC 11
  • Ubuntu Pro

 

 


سەرنجەکان

یەک وەڵام بۆ “نوێکارییەکانی ئوبونتوی ٢٢،٠٤”

  1. I like this blog very much, Its a very nice berth
    to read and obtain info.Raise blog range

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *