بۆچی پێویستە واز لە ویندۆز بێنیت و لینوکس بەکار بهێنیت؟

ئێستا کە ئەم بابەتە دەخوێنییەوە، هیچ گومانم نییە کە بەکارهێنەری ویندۆز یان ماکیت، جا بە خوێندنەوەی ئەم وتارە، کۆمەڵێک بابەت دەبینیت و تێدەگەیت کە بۆچی لینوکس لە ویندۆز و ماک باشترە!

جا ئەگەر یەکەم جارتە گوێت لە وشەی لینوکس دەبێت، پێمباشە سەرەتا ئەم چەند بابەتە بخوێنیتەوە، ئینجا بێیتەوە ئێرە.
بابەتەکان:

جا با وەکو کابرا نەکەین و هەر بڵێین لینوکس و هەموو دونیا، نا یەکجار واش نا، بەڵام چەندین هۆکاری گرنگ و جێی کۆبیر هەن کە پێویستە بیانزانیت. فەرموون با دەست پێ بکەین.

١. لیونکس بەخۆڕاییە
تەواوی دووزەنەی (سیستەم – System) لیونکس بەلاشە و پێویست ناکات هیچ پارەیەک بدەیت بۆ کڕین یان بەکارهێنانی، ئەمەش بە پێچەوانەی دووزەنەکانی (سیستەمەکانی – Systems) مایکرۆسۆفت و ماک. بەداخم کە ئێمە کۆمەڵگەیەکی موسڵمانین، بەڵام بەکارهێنەری دووزەنەی ویندۆزین بێ ئەوەی پارەی پێ بدەین و حەق دەستی کۆمپانیا بدەین، لەوانەیە ئەم قسەیە بۆ تۆ تازە بێت، بەڵام پێویستە بزانیت ئەگەر ویندۆزی سەر کۆمپیتەرەکەت بەبەلاش بۆیان دامەزراندوویت، و کڕاک کراوە، ئەوا تۆ بە حەرامی بەکاری دەهێنیت جا بۆ هەر مەبەستێک بێت. خوا پشیوان بێت و تەمەن باقی بێت، وتارێک بە بەڵگەوە لەسەر حەرامبوونی بەکارهێنانی نەرمەکاڵای کڕاکراو دەنووسم و دەیخەمە بەردەستتان، ئیتر بڕیار، خۆتان و خوای خۆتان.

٢. زیاتر لە دووزەنەکانی تر پارێزراوە و، دژە ڤایرۆسی (ئەنتی ڤایرۆس)ی ناوێت
بەڕاستی هیچ دووزەنەیەک نییە کە بە تەواوی پارێزراو بێت، و هیچ کێشە و کەم و کوڕییەکی نەبێت، بەڵام ئەگەر باش هەبێت، دەکرێت باشتر و باشترینیش هەبێت، بۆیە لەناو دووزەنەکاندا، لیونکس لە ڕووی ئاسایش و پارێزراوی و هاک نەکرانییەوە، لە هەردوو دووزەنەکەی تر سەلامەتترە.

ئەگەر تۆ ویندۆز بەکار بهێنیت، هەڵبەتە هەبوونی نەرمەکاڵایەکی دژ بە ڤایرۆست پێویستە، ئێ نەرمەکاڵایەکی باشیش، دەبێت پارەیەکی باشی پێ بدەیت، جگە لەمەش، دژە ڤایرۆسەکە، ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر کۆمپیتەرەکەت و زیاتر ماندووی دەکات! بەڵام لە لینوکسدا، پێویستت بە دژە ڤایرۆس نابێت، چونکە خودی دووزەنەکە وا داڕێژراوە کە ڤایرۆس توخنی نەکەوێت. لە ئەنجامدا، هەم بڕە پارەیەکی ساڵانەت بۆ مایەوە و، هەمیش کۆمپیتەرەکەت ئەوەندە شەکەت نابێت.

٣. لەگەڵ پیرە کۆمپیتەریشدا، کێشەی نییە
کۆتا وەشانی (ڤێرشنی) دووزەنەی (سیستەمی) مایکرۆسۆفت کە بیرتییە لە ویندۆز ١١، لەسەر هەموو جۆرە کۆمپیتەرێک جێگیر نابێت و کار ناکات. دووزنەی ماکیش بابەتێکی ترە، چونکە ناتوانیت لەسەر هەر کۆمپیتەرێک کە بتەوێت دایبمەزرێنیت، بەڵکو تەنها لەسەر کۆمپیتەرەکانی ئەپڵ کار دەکات.

بەڵام لینوکس وا نییە، بەڵکو لەسەر هەموو کۆمپیتەرێکی کۆن و نوێ کار دەکات، هەروەها ئەگەر بگەڕێت، ئەوا هەندێک دابەشکراوەی زۆر سوکەڵە دەدۆزیتەوە کە تایبەتن بە کۆمپیتەرە کۆنەکان.

٤. ئاڵۆز نییە
ئەگەر دابەشکراوەکانی وەکو زۆرین، ئێلیمێنتری، ئوبونتو، مانژارۆ یان هەر دابەشکراوەیکی تری ناودار بەکار بهێنیت، ئەوا تێ دەگەیت کە لیونکس زۆر لە مۆبایلەکەت سادە ترە و بەکارهێنانی ساناترە.

٥. ناساندنی پارچەکان
ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆت یان لای کەسێک بووبیت کە خەریکی دامەزراندنی دووزەنەی (سیستەمی) ویندۆز بووبێت، بێگومان گوێبیستی (تەعریف)کردنیش بوویت، واتا ناساندنی پارچەکانی کۆمپیتەر بە دووزەنەکە. هەڵبەتە ئەمە لە ویندۆز ١٠ و ١١دا زۆر گەشەی پێدراوە، بەڵام هێشتا هەر لینوکس باشترە، چونکە پێویست بە هیچ ناساندنێک ناکات، هەر لە ئەزەلەوە پارچەکان لەگەڵ دووزەنەی لینوکس خزمایەتییان هەبووە و، خۆکارانە خۆیان لەسەر سیستەمەکە دامەزراون. هەروەها ئەگەر پارچەیەکی تر یان هەر شتێکی تر هەبێت، ئەوا خۆی نیشانت دەدات و پێت دەڵێت کە دەتەوێت دایبمەزرێنیت یان نا.

Install Nvidia Driver in Ubuntu
سەرچاوە: ئتسفۆس

٦. چۆنت دەوێت، ئەوا نەخشی (دیزاینی) ڕوکارەکەت بکە
لە ئایکۆنەکانەوە تا دەگاتە ڕەنگ و فۆنت و ڕوکاری پەنجەرەکان، بە ئارەزووی خۆت نەخشاندنی بۆ بکە و بیگۆڕە. کۆگایەکیش هەیە کە یەک دونیا ڕوکار و ئایکۆنی ئامادەکراوی تێدایە و دەتوانیت بە خۆڕایی بەکاریان بهێنیت.

Linux Customization Reddit Post
سەرچاوە: ئتسفۆس

٧. کۆگای نەرمەکاڵا
هەر وەکو پلەی ستۆر و ئەپ ستۆری مۆبایل، لینوکسیش خاوەن کۆگایەکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ دامەزراندنی نەرمەکاڵا، زۆریش ئاسانە، دەیکەیتەوە و ناوی نەرمەکاڵاکە دەنووسیت، پاشان بە یەک کرتە (کلیک) دایدەمەزرێنیت. با ناحەقی نەکەین، ویندۆز و ماکیش شتێکی لەو بابەتەیان هەیە.

٨. نوێکردنەوەی بەردەوامی دووزەنە و باشترکردنی
هیچ کام لە دووزەنەکانی تر وەکو لینوکس بە خەم نوێکردنەوە و باشترکردنی دووزەنەکانیان نین. لە لینوکسدا هەر ئەوە نییە کە دووزنەکە نوێ بکەنەوە، بەڵکو زۆر جار نەرمەکاڵاکانیش نوێ دەکەنەوە و، باشتریان دەکەن.

ئینجا لە هەمووی خۆشتر، وەکو هی ویندۆز نییە یەک کاتژمێر دانیشیت بە دیارییەوە تا گورزە نوێکان دادەمەزرێنێت و نەجاتت دەبێت.

Updates Available Ubuntu
سەرچاوە: ئتسفۆس

٩. یاریکردن لەسەر لینوکس
لە ڕابردوودا، هۆکارێکی باش کە گەیمەران لینوکسیان بەکار نەدەهێنا، بریتی بوو لە نەبوونی پاڵپشتییەکی باشی لینوکس بۆ یارییەکان و بە پێچەوانشەوە، بەڵام ئێستا ئەوەش چارە بووە. لە ڕێگەی (ستیم پلەی – Steam Play) دەتوانیت یارییەکانی ویندۆز لەسەر لینوکس بکەیت. بەڵام هێشتا لەوانەیە نەتوانیت هەموو یارییەک بکەیت. بەداخەوە!

١٠. کۆمەڵگەیەکی پاڵپشت
ئەمە یەکێکە لە گرنگترین سوودەکانی لینوکس. هەموو دابەشکراوەیەکی لینوکس، یان با بڵێین خودی لینوکس خاوەنی کۆمەڵگەیەکی یەکجار زەبەلاحە، کە خەڵک و گەشەپێدەران و شارەزایان بابەت و فێرکاری و ڕێنمایی سەبارەت دووزەنەکە و ئامرازەکانی دووزەنەکە بڵاو دەکەنەوە.

هەروەها، ئەگەر بێتو کێشیەکیشت تووش بێت، ئەوا کێشەکەت بڵاو دەکەیتەوە و، خەڵکانی تر لە هەموو دونیاوە هاوکاریت دەکەن تاکو چارەسەری بکەیت.

١١. لینوکس سەرچاوە کراوەیە

ناوەڕۆکی لینوکس سیستەمێکی کارپێکردنی ئازادە و کراوەیە وەکوو یونیکس و لە ژێر بڕوانامەی GNU/GPL بڵاو دەبێتەوە. کراوە بوون مانای ئەوەیە هەر بەکارهێنەرێک دەتوانێت دەستکاری بکات، گۆڕانکاری تێدا بکات و تەواو ناوەرۆکی سیستەمەک ببینێت. ئەمەش هۆکارێکە بۆ پێشکەوتن و نەهێشتنی خاڵە لاوازەکان کە یەکێک لە فەلسەفەی سیستەمەکانی سەرچاوەکراوەیە.

قەزوان – کورد کلیک

بە هیوای سوود، هەڤاڵانی قەدر گران ❤️


سەرنجەکان

یەک وەڵام بۆ “بۆچی پێویستە واز لە ویندۆز بێنیت و لینوکس بەکار بهێنیت؟”

  1. You have observed very interesting points! ps nice internet
    site.Money from blog

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *