لینەکس، هەڵبژاردە دروستەکە؟

دەستپێک

ئەگەر تۆ ئەم وتارەت کردبێتەوە، ئەوا تۆ لانی کەم ئارەزووی جیهانی پەنگوینەکان دەکەیت و بە پەرۆشی بۆی. پێمخۆشە بزانیت کە تۆ بەخوێندنەوەی ئەم بابەتە، سەرنجت بۆ جیهانێکی سەرچاوە کراوە، تایبەت و تەواو ژێر دەستی خۆت ڕا دەکێشرێت.

هەندێک خەڵک لەگەڵ windows هەست بە ئاسوودەیی دەکەن و هەرگیز بیر لە جێگرەوەیەک ناکەنەوە بۆی، لەوانەشە هەر نەزانن کە چەند بژاردەیەکی تر هەیە بەرانبەر سیستەمی مایکرۆسۆفت، هەندێک خەڵکیش وا دەزانن لینەکس شاشە ڕەشەکەیە (تێرمیناڵ – Terminal).

لەم بابەتەدا، هەوڵدەدەم وەڵامی چەند پرسیارێک و گومانێکتان سەبارەت بە دنیای لینکەس بدەمەوە و تێتان بگەیەنم کە لینەکس ماری حەوت سەر نییە وەکو ئەوەی ئێوە لێی تۆقیون.

باشە، ئێستا لینەکس چییە؟

لەوانە زۆر گوێ بیستی ئەم پرسیارە بووبیت، بۆیە ئەم پرسیارە زۆر زۆر گرنگ نییە و لەوانەیە ئەم وەڵامەشت بە مێشکدا بێت:
“لینەکس بریتییە لە سیستەمی وەگەرخەڕ هەر وەکو سیستەمەکانی تر (ویندۆز و ماک-ۆس)، بەڵام لینەکس بەخۆڕاییە”. بەڵام هەر ئەوەندە نییە…

سیستەمی وەگەرخەڕی (OS) ناوێکە دراوە بە نەرمەکاڵایەک یان چەند نەرمەکاڵایەک کە سەرچاوەکانی کۆمپیتەر، وەکو پردێک، بە ڕوکارێکی گرافیکی لە نێوان ڕەقەکاڵا و بەکارهێنەردا ڕێکدەخات.

لە ڕاستیدا لینەکس سیستەمی وەگەرخەڕ نییە، بەڵکو ناوکە (kernel – core) کە لە چەند سیستەمێکی وەگەرخەڕدا بەردەستە.

ناوک (kernel)، بە شێوەیەکی گشتی، بریتییە لە دڵی سیستەمی وەگەرخەڕەکە: ئەو بەشەیە کە پەیوەندی نێوان نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵا دروست دەکات و ڕێکدەخات.

شتێکی تر کە پێویستە بیزانیت ئەوەیە کە هەموو نەرمەکاڵایەکی پشت بەستراو بە لینەکس بەخۆڕایی نییە تەنها لەبەر ئەوەی خودی لینەکس سەرچاوە کراوەیە، مۆڵەتی یاسایی لینەکس ڕێگە بە لایەنی سێیەم دەدات کە وەشانی تایبەتی خۆیان لە ناوک یان دابەشکراوە بفرۆشن. بۆ نموونە Red Hat Enterprise Linux, Zorin OS Ultimate and the SUSE Linux Enterprise.

نەرمەکاڵای سەرچاوە کراوە لە ژێر مۆڵەتێکدا دامەزراوە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات کە توێژینەوە، لێکۆڵینەوە، دەستکاری، دابەشکردنەوەی نوێ بکەن بۆ نەرمەکاڵاکە بە جۆرەی ئارەزوویانە. بەڵام دەکرێت هەندێک مۆڵەت بە شێوەی جیاواز ڕێگەت پێ بدات یان سنوورت بۆ دیاری بکات.

دابەشکراوەکان

وشەی “Distro” تەنها کورتکراوەیەکە بۆ وشەی “Distribution”، کە دەستەواژەیەکە بۆ ئاماژە کردن بە سیستمەێکی وەگەڕخەری بنچینە لینەکس بەکاردێت.

چەندین دابەشکراوە هەیە، هەر یەکێکیشیان بە جۆر و شێوەیەکی تایبەت یارمەتی بەکارهێنەرانی دەدات. سەرەڕای ئەوەی هەموویان خاوەن یەک بنچینەن، بەڵام دەکرێت دابەشکراوەکان لە یەکتری جیاواز بن هەر لە ناویکی دەستکاری کراوەوە تا دەگاتە ڕوکار و ئەو نەرمەکاڵایانەی لە سیستەمەکە جێگیر دەکرێن.

ڕوکار بەشێک لە دابەشکراوە کە شێوازی دەرکەوتنی سیستەمەکە بۆ بەکارهێنەر ڕێکدەخات.

ڕوکارەکان

بە پێچەوانەی ویندۆز و ماک-ۆس کە خاوەنی تەنها یەک ڕوکاری ستانداردی خۆیانن، جیهانی لینەکس خاوەن چەندین ڕوکاری جۆراوجۆرە.

هەندێک لە ڕوکارەکان زیاتر خۆشەویسترن و ئاسانکاری زیاتریان کردووە بۆ بەکارهێنەر، تەنانت خاڵی لێکچوونیشیان لەگەڵ ویندۆزدا هەیە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکەن بۆ کەسێک کە لە ویندۆزەوە دێتە سەر لینەکس، بۆ نموونە ڕوکارەکانی (Cinnamon and KDE Plasma).

لەوانەیە ڕوکارەکانی تر زۆر جیاوازتر بن لەوەی کە تۆ لەسەر ویندۆز بەکارت هێناوە وەکو (Gnome).

بەشێوەیەکی گشتی، ڕوکارەکانی تر لە تێرمیناڵەوە دادەبەزێندرێن و جێگیر دەکرێن، بەکارهێنەر دەتوانێت لە کاتی چونە ژورەوە ئەو ڕوکارە دیاری بکات کە مەبەستییەتی.

تەواوی بریتییە لە تاکییەتی

هەرگیز سیستەمێکی وەگەڕخەری تەواو نایاب دروست ناکرێت، بەڵام هەموویان بەردەوام هەوڵدەدەن کە ببن بە باشترین وێنەی خۆیان. هەرچەندە سیستمەێکی تەواو نایاب بۆ تۆ ئەو سیستەمەیە کە پێویستییەکانت پڕ دەکاتەوە.

کەواتە هیچ ڕوکارێکی تەواو نایابیش بەردەست نابێت، بەڵام ئەو ڕوکارەی کە تۆ لەگەڵی ئاسوودەیت، کە تۆ بە بەکارهێنانی خەرمانت زیاترە، ئەوە بۆ تۆ نایابە، دەشکرێت تەنها لەبەر ئەوەی پێت جوانە، ببێتە ڕوکارێکی نایاب بۆ تۆ.

تان و پۆ

هیچ شتێک تەواو نییە. بەداخەوە جیهانی لینەکسیش، ئەمەی خوارەوە چەند تان و پۆێک ئەگەر بێتوو لینکەس بەسەر ویندۆزدا هەڵبژێریت.

  •  دابەشکراوەکانی لینەکس لە ویندۆز خێراترن، بەڵام بۆ یاریکردن (Gaming) دەست نادەن.
  •  دابەشکراوەکانی لینەکس زیاتر پارێزراوترن لەچاو ویندۆز، بەڵام هەندێ نەرمەکاڵاش هەیە کە لە ویندۆزدا هەیە و بۆ لینەکس بەردەست نییە.
  •  لینەکس سەرچاوە کراوەیە و زۆربەی دابەشکراوەکانی بەخۆڕایین.
  •  لینەکس بە چەند ڕوکارێکی جیاواز بەردەستە.
  •  تەواو لە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆت دایە.

پێش ئەوەی بێیتە سەر لینەکس، بیرت نەچێت گەڕانێک بکە بۆ ئەو نەرمەکاڵایانەی کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنیت و دڵنیابە خۆیان یان هاوشێوەیان لەسەر لینەکس بەردەستن.


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *