هەموو شتێک دەربارەی ئوبونتو

هەموو شتێک دەربارەی ئوبونتو

ئەگەر بیر لە بەکارهێنانی ئوبونتو دەکەیتەوە، یان دەکرێت ئێستا بەکاری بهێنیت و پێویستت بە ڕێنماییە و تێبینییە، ئەوا ئەم ڕێنمونییە؛ زۆر تایبەتە و بۆ تۆیە. لەم زنجیرە بابەتە فێرکارییەدا، هەوڵ دەدەم کە باسی چەندین بابەتی جۆراوجۆر دەربارەی ئوبونتو بکەم و بەتۆی بەڕێزی ئاشنا بکەم، لەو بابەتانەش: کام جۆری ئوبونتو بەکاربهێنم؟ دوای دامەزراندنی ئوبونتو چی بکەم؟ هەروەها فێری زانیارییە سەرەتاییەکان دەبیت بۆ بەکارهێنانی ئوبونتو. بەدەر لەوانە، باسی چۆنییەتی گۆڕینی ڕووکاری سیستەمەکە و دامەزراندنی نەرمەکاڵا و هەندێک فەرمان و چۆنییەتی دیاریکردنی کێشەش دەبین. 

ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی ئوبونتو

یەکەم شت کە پێویستە بزانیت ئەوەیە کە ئاخۆ کام ئوبونتو بەکار بهێنم و، کاتێک خۆت یەکلا کردەوە، دەست دەکەین بە دامەزراندنی سیستەمەکە و پاشان بەکارهێنانی.

یەکەم: کام ئوبونتو بەکاربهێنم؟

بە کورتی: ئەگەر سەرت لێ شێواوە و نازانیت ئوبونتو، ئێکس ئوبونتو، لوبونتو یان کوبونتو چییە؟ دەتەوێت بزانیت جیاوازییان چییە؟ ئەم بابەتە بخوێنەوە.

ئەگەر لە دنیای لینوکسدا سەرەتا بیت، ئەوا بە دڵنیاییەوە گەڕان و لێکۆڵینەوەیەکی باشت کردووە کە کام دابەشکراوە لینوکس باشترینە و پێویستە بەکاریبهێنیت، گەیشتوویە ئەو قەناعەتەی کە دەبێت ئوبونتو بەکار بهێنیت چونکە زۆرینە دەڵێن باشترینە! بۆیە بەکارهێنانی ئوبونتو لە سەرەتای هەنگاوەکانتدا بەرەو دنیای لینوکس، باشترین بڕیارە و دەست خۆش!

با ئێستا بێنە سەر ئەوەی کە کام جۆری ئوبونتو دابگریت و چۆن لەسەر کۆمپیتەرەکەت دایبمەزرێنیت.

کاتێک کە بە دوای زانیاری دەربارەی ئوبونتودا دەگەڕێت، توشی ئەم ناوە جۆراوجۆرانە دەبیت، کە لەوانەیە پێت وابێت کە هەر ناو بن و بێ هیچ هۆکارێک وا دانارابن، بەڵام بەو شێوەیە نییە، بەڵکو هەر ناوێک ئاماژەیە بۆ مەبەستێکی تایبەت و دیاریکراوی ئەو دابەشکراوەیە یانیش مەبەست لێ ئەوە ڕووکارە گرافیکییە کە دابەشکراوەکە بەکاری دەهێنیت. لە دنیای لینوکسدا، بەکارهێنەر ئازادە لەوەی کە کام ڕووکاری گرافیکی بەکاردەهێنیت لەسەر سیستەمەکەی. 

ئەم لیستەی خوارەوە، لیستی تامە فەرمییەکانی ئوبونتوییە:

  • ئوبونتو گنۆم (ئوبونتوی سەرەکی و فەرمی)
  • ئێکس ئوبونتو
  • لوبونتو
  • کوبونتو
  • ئوبونتو ماتێ
  • ئوبونتو بەجی 
  • ئوبونتو کیلن
  • ئوبونتو ستۆدیۆ

کە لە سەرەوە دەڵێم ئەمانە تامە فەرمییەکانی ئوبونتون، واتا ئەمانە هەمان بازنەی گەشەپێدان و پێشکەوتنیان لەگەڵ ئوبونتوی سەرەکیدا هەیە، واتا ئەمانەش لە لایەن کۆمپانیای کانۆنیکاڵەوە پاڵپشتی دەکرێن.

کەواتە دەکرێت کۆمەڵێک تامی نافەرمیش هەبن؟ بەڵی. 

خەڵکی تر زۆرە کە بە ئارەزووی دڵی خۆی، دابەشکراوەیەک یان تامێکی جیاواز دروست دەکات و بڵاوی دەکاتەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان بە کانۆنیکاڵەوە نییە. کۆمەڵێک تامی تر هەبوون کە ئێستا وەستاون و کاریان پێ ناکرێت، وەکو (ئێد-ئوبونتو، مایثوبونتو).

لەوانەیە ئێستا بڵێت باشە خۆ لە لینوکسدا، دەتوانیت چەند ڕووکارێکی گرافیکی لەسەر یەک سیستەم دابمەزرێنیت و بە ئارەزووی خۆت ئەم بەر و ئەو بەر بکەیت، کەواتە بۆچی لەبەر خاتری ڕووکارێک، دابەشکراوەیەکی تر دروست دەکرێت؟ وەڵامەکەی زۆر سادەیە، چونکە لە کاتی دامەزراندنی یەک ڕووکار زیاتر لەسەر سیستەمێک، دەکرێت ڕووکارەکان تووشی تێکەڵی ببن، هەندێک ئایکۆن دەرنەکەون و پرۆگرامی دوبارە و هەمان کردە دابمەزرێتە سەر سیستەمەکەت، بۆیە وا خۆشترە کە هەر سیستەمێک ڕووکارێکی لەسەر بێت.

کەواتە ئێستا من کام جۆری ئوبونتو بەکار بهێنم؟

ئەمە دەکەوێتە سەر حەز و ویستی خۆت، من لە خوارەوە باسی جۆر و تایبەتمەندییەکانیان دەکەم، تۆش کامەت بە دڵ بوو، ئەوا دایبگرە و پیرۆزت بێت.

١. ئوبونتو یان ئوبونتو گنۆم یان ئوبونتوی سەرەکی

ئەمە وەشانە سەرەکییەکەیە کە ئەزموونێکی بەکارهێنەری بێهاوتایە. سەرنجی سەرەکی تیمی ئوبونوتە لەسەر ئەم وەشانەیە، هەروەها زۆرترین بابەت و فێرکاریشت دەربارەی دەست دەکەوێت، لێ ئەمە گنۆم بەکاردەهێنێت، گنۆمیش برسی ڕام و وزەی کۆمپیتەرە. بۆیە ئەگەر کۆمپیتەرەکەت ڕامی لە ٤ گێگابایت کەمترە، پێمباشە ئەمە بەکار نەهێنیت.

٢. کوبونتو

ئەمە وەشانی ئوبونتووە بەڵام بە بەکارهێنانی ڕووکاری گرافیکی (کەی دی ئی پلازما). ئەم ڕووکارە بەوە بەناوبانگە کە دەتوانیت داروبەردی بە دڵی خۆت دەستکاری بکەیت. بۆیە ئەگەر تاقەتی دەستکاریکردن و کڕیارخوازکردنی سیستەمەکەت هەیە، ئەمە کاندیدێکی باشە. 

٣. ئێکس ئوبونتو 

ئێکس ئوبونتو ڕووکاری گرافیکی Xfce بەکار دەهێنیت. ئەمە ڕووکارێکی کۆنە و چەند بژاردەیەکی سادەی تێدایە بۆ دڵخوازکردنی سیستەمەکەت. ڕووکارێکی زۆر جوان نییە بەڵام زۆر سوکەڵە و خێرایە لە کارکردندا. تەنانەت ئەگەر سیستەمەکەت ڕامی تەنها یەک گێگابایت بێت، کێشەیەکت بۆ دروست نابێت.

٤. لوبونتو

لوبونتوش وەکو ئێکس-ئوبونتو، بە شێوەیەکی زۆر کەم سەرچاوەکانی کۆمپیتەر بەکار دەهێنیت، بەشێوەیەک ئەگەر کەمتر لە ١ گێگا ڕامت هەبیت، ئەوا ئیشی خۆی هەر دەکات. ئەمە ڕووکاری LXQt بەکار دەهێنیت.

٥. ئوبونتو ماتێ

ئەمە ڕووکاری ماتێ بەکار دەهێنیت کە ڕووکارێکە لە وەشانی ٢ـی گنۆمەوە سەرچاوەی گرتووە. 

٦. ئوبونتو بەجی

ئوبونتو بەجی نوێترین تامی ئوبونتوییە. هەر وەکو لە ناوەکەیەوە دیارە، ئەمە ڕووکاری بەجی بەکار دەهێنیت. ئەم ڕووکارە لەلایەن سۆلەس لینوکس گەشەی پێدراوە. شێوەیەکی جۆر جوان و مۆدێرنی هەیە. تێکەڵەیەکە لە ماک و گنۆم. ئەگەر ڕووکارێکی نازدار و ناسکت دەوێت، بڕۆ ئەمە بەکار بهێنە.

٧. ئوبونتو کیلن

ئەمە تایبەتە بە چینییەکان. ئەگەر چینی دەزانیت، بڕۆ تاقی بکەوە، ئەگەر نا، وازی لێ بێنە. تەواو.

٨. ئوبونتو ستۆدیۆ

ئەمە ڕووکاری Xfce بەکاردەهێنێت، بەڵام تایبەتە بەوانەی کە کاری دەنگ و ڕەنگ دەکەن. واتا هەر خۆی کۆمەڵێک نەرمەکاڵای بۆ دامەزراندوویت کە تایبەتن بە بوارەکە.

باشە، ئێستا من تامەکەم دیاری کرد، بەڵام کام وەشان؟

ئەمە پرسیارێکی تر، بە ڕای من، هەمیشە لەگەڵ کۆتا وەشان بڕۆ. 

Photos’ Source: It’s Foss.


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *