خاوێنکردنەوەی و زیادکردنی بۆشایی لە ئوبونتودا

بە تێپەڕبوونی کات و، بەکارهێنان و دامەزراندنی نەرمەکاڵای زیاتر لەسەر سیستەمەکەت، بۆشایی سیستەمەکەت زیاتر دەگیرێت و، بەکار دەهێندرێت، جا جاروبار ئەگەر پێویستیشت بە بۆشاییەکە نەبێت، هەر پێویستە خاوێنی بکەیتەوە.

جا بۆ ئەم مەبەستە، لەم بابەتدا، چەند ڕێگەیەکی ساناتان پێ ئاشنا دەکەم.

با سەرەتا بزانین چەند بۆشاییمان لەسەر سیستەمەکەماندا هەیە.

تێبینی: لەم بابەتەمدا، من دابەشکراوەی ئوبونتو بەکار دەهێنم، لەوانەیە تۆ ئێلیمێنتری یان دێبیان یان هەر دابەشکراوەیەکی تر بەکاربهێنیت.

با سەرەتا بزانین چەند بۆشاییمان لەسەر پەپکەکەمان هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش ئامرزای Disk Usage Analyzer بکەوە، دەتوانیت لە لیستی بەرنامەکان یان چالاکییەکاندا بیدۆزیتەوە، هەڵبەتە ئەگەر دابەشکراوەیەک بەکاردەهێنیت و ئەم توڵەی تێدا نییە، دەتوانیت بەم فەرمانە دایمەزرێنیت:

 

aga@kurdistan:~$ sudo apt install baobab

وەکو لە وێنەکەی سەرەوەدا دیارە، دەتوانی قەبارەی گشتی و ڕێژەی بەردەست بزانیت. لە درایڤەکەی من بەناوی kurdistan ١١٧.١ گێگابایت بەردەستە. جا ئێستا کە زانیمان چەند بۆشایی داگیرکراوە و چەندیش بەردەستە، با دەست بە خاوێنکردنەوەی بکەین.

١. ڕەشکردنەوەی ئەو گورزانەی کە چیتر پێویست نین

هەڵبەتە ئەگەر بە فەرمانی هێڵی؛ گورزە یان نەرمەکاڵاتان دامەزراندبێت، ئەوا هەندێک جار بینیوتانە کە دەڵێت ئەو گورزانەی خوارەوە چیتر پێویست نین، فەرمان بکە بە ڕەشیان بکەینەوە. جا فەرمانەکەش بریتییە لە:

sudo apt autoremove

بڕوانە ئەم وێنەیەی خوارەوە کە فەرمانەکەمان داوە بە سیستەمەکە و ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت کە ئەو گورزانە پێویستە ڕەشبکرێنەوە.

ئینجا تۆش وەڵامی بەڵێ (Y) بدە بە سیستەمەکە و پەنجە بنێ بە دوگمەی ئینتەردا.

 

٢. ڕەشکردنەوەی بەرنامەی ناپێویست

هیچ گومانم نییە کە کۆمەڵێک بەرنامە لەسەر سیستەمەکەت هەیە کە زۆر بە دەگمەن بەکاری دەهێنیت، ئیتر ئەگەر ئەوانەش ڕەش بکەیتەوە، ئەوا بۆشاییت بۆ دەگەڕێتەوە. جا بۆ ئەوەی لیستی بەرنامە دامەزراوەکانت ببینیت، بڕۆ بۆ سەنتەری نەرمەکاڵاکانت، لەوێش کرتە لەسەر دامەزراوەکان (Installed) بکە. ئێستا لیستی بەرنامە دامەزراوەکانت لەبەردەستە، ئەوەی بە گرنگ و پێویستی نازانیت، کرتە لەسەر Uninstall بکە و ڕەش دەبێتەوە. بڕوانە ئەم وێنەیەی خوارەوە.

 

خۆ ئەگەر ویستیشت بە فەرمانی هێڵی بەرنامەکە ڕەشبکەیتەوە، دەتوانیت ئەم فەرمانەی خوارەوە بەکار بهێنیت:

تێبینی: لە جێگەی <package_name> ناوی گوزرە یان نەرمەکاڵاکە بنووسە!

<sudo apt remove <package_name

 

٣. سڕینەوەی کاشی APT

هەروەکو دەزانن کە APT توڵێکی گورزەکردنی پێشکەوتوویە کە ئوبونتو بەکاریدەهێنێت بۆ دامەزراندن و، بەڕۆژکردنەوە و، ڕەشکردنەوەی گورزە و نەرمەکاڵا لەسەر سیستەمەکەی، ئینجا ئەمەش وەکو وێبگەڕ کاش دروست دەکات. ئەم توڵە کاشەکەی لە /var/cache/apt/archives هەڵدەگرێت، جا بەپێی تێپەڕبوونی کات، قەبارەی کاشەکە زیاد دەکات. بەم فەرمانەی خوارەوە دەتوانیت بزانیت قەبارەی کاشەکە چەندە:

sudo du -sh /var/cache/apt

بڕوانە ئەم وێنەیەی خواروە، وەکو دەبینین کە من ٩٤ مێگابایت کاشم هەیە، جا دەکرێت ئەوەی ئێوە زۆرتر یان کەمتر بێت، هەڵبەتە ئەگەر شەڕ ببێتە شەڕی بۆشایی، ١ مێگابایتش زۆرە 🙂

ئێستا بۆ ڕەشکردنەوەی ئەو کاشە، دەتوانیت ئەم فەرمانە بدەیتە سیستەمەکەت:

sudo apt clean

 

٤. پاککردنەوەی تۆمارەکانی گۆڤاری سیستەمدی (systemd journal logs)

هەموو دابەشکراوەیەکی لینوکس میکانیزمێکی تۆماری هەیە کە یارمەتیت دەدات تێبگەیت کە چی دەگوزەرێت یان چی گوزەراوە لەسەر سیستەمەکەت. لەم تۆمارەدا، هەموو کار و ئاگاداری و هەڵە و هتد. سەر سیستەمەکەت تۆمار دەکرێت. ئەمەش هەر وەکو کاشی APT، بە تێپەڕبوونی کات قەبارەکەی زۆر دەبێت. بۆ زانینی قەبارەکەی، ئەم فەرمانە بدە بە سیستەم:

journalctl --disk-usage

وەکو لە وێنەکەی خوارەوەدا دیارە، دەتوانم بای ٣٢ مێگابایت بۆشایی بکەمەوە ئەگەر ئەم تۆمارە ڕەش بکەمەوە، لای من قەبارەکەی کەمە، چونکە سیستەمەکەم تازە دامەزراندووە، بەڵام ئەمە دەکرێت لای تۆ بگاتە یەک گێگابایت. بۆ پاککردنەوە، دەتوانیت ئەم فەرمانە بدەیت بە سیستەم، تکایە بزانە کەم ئەم فەرمانە هەموو تۆمارەکە دەسڕێتەوە جگە لە ٥ ڕۆژی ڕابردوو:

sudo journalctl --vacuum-time=5d

 

٥. سڕینەوەی کاشی وێنۆچکە

ئوبونتو بە شێوەیەکی خۆکارانە وێنۆچکە بۆ پەڕگەکانی لە فایلزدا دروست دەکات. ئیتر ئەمەش بەپێی تێپەڕبوونی کات، دەکرێت قەبارەکەی زۆر بێت. بۆ زانینی قەبارەکەی، ئەم فەرمانە بدە بە سیستەم:

du -sh ~/.cache/thumbnails

بۆ سڕینەوەی کاشەکە، ئەم فەرمانە بدە:

rm -rf ~/.cache/thumbnails/*

 

٦. سڕینەوەی پەڕگەی دووبارە و هاوشێوە

دەکرێت پەڕگەی دووبارە و هاوشێوە لە سیستەمەکەتدا هەبێت و، لە شوێنی جیاواز بن و تۆ هەستی پێ نەکەیت، جا ئەگەر ئەوانە لە کۆڵ خۆت بکەیتەوە، بەخوا لەوانەیە دەرونییەن ئاسوودە بیت. جا دەتوانیت بەرنامەی تایبەت بەکاربهێنیت، یانیش بە ئامرازێکی فەرمانی هێڵی وەکو FDUPES کارەکەت ئەنجام بدەیت. دەتوانیت بەم شێوەیە فەرمانەکە بدەیت، بڕوانە وێنەکەی خوارەوە:

aga@kurdistan:~$ fdupes -d /home/aga/Desktop/duplicatefiles

تێبینی: ئەم فەرمانە بدە بە سیستەمەکەت بۆ دامەزراندنی توڵەکە:

sudo apt install fudpes

بەهیوام ئەم بابەتە توانیبێتی کەمێک بۆشاییتان لەسەر لینوکسەکەتان بۆ بگەڕێنێتەوە و سوودتان لێی بینیبێت.


سەرنجەکان

2 وەڵام بۆ “خاوێنکردنەوەی و زیادکردنی بۆشایی لە ئوبونتودا”

  1. I don’t even know how I ended up here, but I thought this post was good.

    I do not know who you are but certainly you’re going to a famous blogger if
    you aren’t already 😉 Cheers!

  2. This piece of writing will assist the internet viewers for building up new weblog or even a weblog
    from start to end.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *