گۆڕنی ئەپڵیکەیشنە بنەڕەتییەکان لە ئوبونتو ٢٢.٠٤

گۆڕینی ئەپڵیکەیشنە بنەڕەتییەکان لە ئوبونتودا

هەڵبەتە دامەزراندنی بەرنامە و نەرمەکاڵای تازە و گۆڕینی هەندێک لە یان هەموو ئەپڵیکەیشنە بنەڕەتییەکان دوو کاری هەرە سەرەتایین لە دوای دامەزراندنی ئوبونتو. لەوانەیە تۆ حەز نەکەیت Thunderbird بۆ ئێمێڵ و ئێمێڵکاری بەکار بهێنیت، لەبری ئەو حەزت لە Spring Mail بێت یان هەر شتێکی تر. بۆیە لەم بابەتە هەوڵ دەدەم بە کورتی باسی چۆنییەتی گۆڕینی بەرنامە بنەڕەتیەکان بکەم.

دوو ڕێگەمان هەیە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە:

  1. لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی سیستەم
  2. لە ڕێگەی کرتەی لای ڕاستەوە

جا با ئێستا لە ڕێگەی یەکەمەوە دەستپێبکەین.

١. گۆڕینی ئەپڵیکەیشنە بنەڕەتییەکان لە ڕێکخستنەکانی سیستەم

  • ڕێکخستنەکان بکەوە (وەکو لەم وێنەیەی خوارەوەدا دیارە)
  • دوای کردنەوەی ڕێکخستنەکان، کەمێک لە لیستەکە وەرە خوارەوە تا دەگەیت بە ئەپڵیکەیشنە بنەڕەتییەکان (Default Applications) و، کرتەی لەسەر بکە. (سەیری وێنەکەی خوارەوە بکە)
  • ئێستا وەکو لە وێنەکەی سەرەوەدا دیارە، لیستی ئەپڵیکەیشنە بنەڕەیتییەکان دیارە، بۆ نموونە من گوگڵ کرۆمم وەکو وێبگەڕی سەرەکی دیاریکردووە، دەتوانم کرتەی لەسەر بکەم و وێبگەڕێکی تر دیاری بکەم. ئەمە بۆ هەموو بەشەکانی تریش ڕاستە، وەکو بەشەکانی (مەیڵ، ڕۆژمێر، مۆسیقا، ڤیدیۆ، وێنە).

    تێبینی: لێرە ناتوانیت هەموو ئەپڵیکەیشنە بنەڕەتییەکان بگۆڕیت، بۆ نموونە ئەپڵیکەیشنی بنەڕەتی بۆ کردنەوە و دەستکاریکردنی پەڕگەی txt، بەڵام تۆ خەمی لێ مەخۆ، من لە خوارەوە باسم کردووە کە چۆن بیکەیت.

 

٢. گۆڕینی بەرنامە بنەڕەتییەکان بە کرتەی لای ڕاست

با ئێمە پەڕگەی تێکست بە نموونە وەربگرین، ئەم ڕێگەیە بۆ هەموو ئەپڵیکەیشنەکانی تریش ڕاستە.

  • کرتەی لای ڕاست لەسەر پەڕگەکە بکە و بژاردەی کۆتایی کە بریتییە لە (Properties) هەڵبژێرە. (بڕوانە وێنەی خوارەوە)
  • دواتر کرتە لەسەر سێیەم بەش بکەوە کە نووسراوە (Open With). دواتر ئەپڵیکەیشنی دڵخوازت هەڵبژێرە کرتە لەسەر دوگمەی (Set as default) بکە کە لە گۆشەی دەستە ڕاستی خوارەوەیە. من لێرەدا ئەپڵیکەیشنی Visual Studio Code دیای دەکەم. (بڕوانە وێنەی خوارەوە)
  • وەکو دەبینین لە وێنەکەی خوارەوە، ئەپڵیکەیشنی Text Editor بە ئەپڵیکەیشنی Visual Studio Code جێگەی گیراوەتەوە بۆ کردنەوە پەڕگەی تێکست.


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *