دامەزراندن و رەشکردنەوەی نەرمەکاڵا لە ئوبونتودا

ئەم وتارێکی کورتە، فێرت دەکات کە چۆن بتوانیت نەرمەکاڵا لەسەر ئوبونتو دامەزرینیت و هەروەها چۆن ڕەشیان بکەیتەوە.
ئەم وتارێکی کورتە، فێرت دەکات کە چۆن بتوانیت نەرمەکاڵا لەسەر ئوبونتو دامەزرینیت و هەروەها چۆن ڕەشیان بکەیتەوە.

کاتێک بۆ یەکەم جار سیستەمەکەت دەکەیت بە لینوکس، دەکرێت لە سەرەتادا ئەزموونێکی زۆر سەرنجڕاکێش و پێچاوپێچ بێت، تەنانەت دامەزراندنی نەرمەکاڵاش دەکرێت کەمێک ئاڵۆز بێت، بۆیە من هەوڵدەدەم لەم وتارەدا زۆر بە جوانی و ئاسانی فێرت بکەم کە چۆن نەرمەکاڵا دامەزرێنیت و ڕەشیان بکەیتەوە.

چۆنییەتی دامەزراندن و ڕەشکردنەوەی نەرمەکاڵا لەسەر ئوبونتو

١.١ دامەزرادنی نەرمەکاڵا لە سەنتەری نەرمەکاڵاوە (Software Center) یان Softwareی گنۆم

ئاسانترین ڕێگە بۆ دامەزراندنی نەرمەکاڵا لەسەر ئوبونتو بریتییە لە بەکارهێنانی سەنتەری نەرمەکاڵا یان کۆگای Software. دەتوانیت لە ڕێگەی گەڕانی سیستەمەکەتەوە بۆ software بگەڕێیت و وەکو ئەمەی لە خوارەوە دیاریکراوە، بیکەیتەوە.

تێبینی: تکایە ئاگاداربە کە دەکرێت دوو سەنتەری نەرمەکاڵا هەبن لە سیستمەکەتدا، دانەیەک بەناوی Software Center کە ئوبونتو بۆ ئوبونتو دروستی کرد. دانەکەی تر دەکرێت Software بێت دروستکراوی گنۆمە. لە ئێستادا سەنتەرەکەی گنۆم بە سەرەکی و جێگرەی سەنتەرەکەی ئوبونتو دادەنرێت چونکە ئەوەی ئوبونتو خاو و لاواز بوو.

جا کاکە بۆ ئەوەی شتەکە ڕون بێت و نەبێتە شاخە گەورەکە، دەتوانی هەر وەکو گوگڵ پلەی یان ئەپ ستۆری ئەپڵ بیر لە سەنتەری نەرمەکاڵا بکەیەتەوە. هەر ڕێک وەکو ئەوان. بە ناو بۆ نەرمەکاڵاکە بگەڕێ و پاشان دایمەزرێنە، یانیش سەیری پۆلەکان بکە و نەرمەکاڵای پێویست دامەزرێنە.

ئەم وێنەیەی خوارەوە وێنەیەکی نەرمەکاڵای software ە لەسەر ئوبونتو.

هەر وەکو لە وێنەکەی سەرەوە ئاماژەم پێیداوە، دەتوانیت بۆ نەرمەکاڵا بگەڕێت یانیش پۆلێک بکەیەتەوە و سەیری نەرمەکاڵای پەیوەست بە پۆلەکەوە بکەیت، یان دەتوانیت ڕاستەوخۆ یەکێک لە نەرمەکاڵا پێشنیارکراوەکان دامەزرێنیت.

بۆ نموونە من ئێستا لە خوارەوە نەرمەکاڵایەک دادەمەزرێنم بەناوی ClipQR

بۆ ئەم مەبەسەتە دەبێت بگەڕێم بۆی یان لە پۆلەکاندا بیدۆزمەوە.

پاشان کرتەی لەسەر دەکەم بۆ ئەوەی بچمە ناو پەڕەی تایبەت بە نەرمەکاڵا.

وەکو لە وێنەکەی سەرەوەدا دیارە، دەتوانی بە کرتە کردن لەسەر دوگمە سەوزەکە کە نووسراو install؛ ئەم نەرمەکاڵایە دامەزرێنیت، ئەگەریش بێیتە خوارتر، ئەوا زانیاری زیاتر وەکو وێنەکانی نەرمەکاڵا، قەبارەی نەرمەکاڵا، دەربارەی نەرمەکاڵا و زیاتر دەدۆزیتەوە.

لەم وێنەیەی خوارەوەدا دیارە کە کرتەمان لەسەر دامەزراندن install کردووە و نەرمەکاڵاکە خەریکە دادەمزرێت.

لەم وێنەیەی خوارەوەدا دیارە کە نەرمەکاڵا دامەزراوە و، دوگمە سەوزەکە لە بری ئەوەی بنووسرێت install، نووسراوە open واتا کردنەوە.

تێبینی: هەروەکو لە بابەتی پێشوودا باسم کردووە کە پێویستە هەندێک لە سەرچاوەی نەرمەکاڵای هاوبەش بۆ کانۆنیکاڵ کارا بکەیت، ئەگەر نا سەنتەرەکە هەموو نەرمەکاڵایاک پشان نادات، واتا تەنها ئەوانە پشان دەدات کە خودی کانۆنیکاڵ و ئوبونتو پشتڕاستیان کردوونەتەوە. دەتوانیت کرتە لێرە بکەیت بۆ ئەوەی بابەتەکە بخوێنییەوە.

 

١.٢ ڕەشکردنەوەی نەرمەکاڵا لە سەنتەرەی نەرمەکاڵاوە یان لە نەرمەکاڵای Software ەوە

ئێمە فێربووینە کە چۆن نەرمەکاڵا دامەزرێنین، ئێستا با فێربین کە چۆن نەرمەکاڵا ڕەشبکەیەنەوە. ئەم پێڤاژۆیەش هەر وەکو پێڤاژۆی دامەزراندن زۆر ئاسانە. سەرەتا نەرمەکاڵای Software دەکەیەوە، پاشان دەچیە بەشی Installed (دامەزراوەکان).

دواتر لیستی نەرمەکاڵاکانت پشان دەدرێت، لەو بەری هەر نەرمەکاڵایەکەوە دوگمەیەک هەیە نووسراوە Uninstall واتا ڕەشکردنەوە، کرتەی لەسەر بکە.

پاشان بۆ دڵنیابوونەوە دوبارە کرتە لەسەر Uninstall بکە و تەواو!

 

٢.١ دامەزراندنی نەرمەکاڵا لە ڕێگەی پەڕگەی دێبەوە (deb.)

پەڕگەی دێب وەکو پەڕگەی exe ی ویندۆزی مایکرۆسۆفتە. ڕێگەیەکی ئاسانن بۆ دامەزراندنی نەرمەکاڵا لەسەر لینوکس. زۆرینەی نەرمەکاڵاکان بەرهەمەکانیان بەم شێوەیە دەخەنە بەردەست، بۆ نموونە کۆمپانیای گوگڵ، وێبگەڕی گوگڵ کڕۆمی بەم شێوەیە بەردەست خستووە.

هەنگاوی یەکەم لەم پڕۆسەیەدا بریتییە لە داگرتنی فایلەکە. با ئێمە وا دابنێین کە دەمانەوێت وێبگەڕی گوگڵ کڕۆم دامەزرێنین.

دوای داگرتن، دەتوانی دەبڵ کلیکی لەسەر بکەیت و بەهۆی سەنتەری نەرمەکاڵای ئوبونتو یان سۆفتوێری گنۆمەوە دامەزراندنەکە ئەنجام بدەیت. هەروەها بیرمان نەچێت کە ڕێگەی تریش هەیە، بۆ نموونە بە فەرمان یان ئامرازی Gdebi کە زۆر ئازایانە دامەزرادنەکە ئەنجام دەدات.

تێبینی: تکایە تێبینی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکە لە کاتی دامەزراندنی نەرمەکاڵایەک بەهۆی پەڕگەی deb

  • دڵنیابە کە سەرچاوەی پەڕگەکە فەرمییە
  • دڵنیابە لەوەی کە پەڕگەکە بۆ سیستەمی دروست خۆت دادەگریت.

 

٢.٢ ڕەشکردنەوەی نەرمەکاڵا کە بەهۆی پەڕگەی دێبەوە دامەزراوە

ئەم پێڤاژۆیەش هەر هەمان پێڤاژۆی ڕەشکردنەوەی پێشووی هەیە کە لە سەنتەرەی نەرمەکاڵاوە دامانمەزراند.

هەندێک جار ڕوودەدات کە نەرمەکاڵای دامەزراو لە سەنتەری نەرمەکاڵای ئوبونتو یان سۆفتوێری گنۆمدا نییە، بۆ ئەم حاڵەتە دەتوانی گورزە ڕێکخەری سیناپتک Synaptic Package Manager بەکاربهێنیت. دەتوانی لە کۆگای نەرمەکاڵاکان بۆی بگەڕێیت و بە یەک کرتە دایمەزرێنیت.

ئەمەی خوارەوە وێنەیەکە لە گورزە ڕێکخەری سیناپتک

 

٣.١ دامەزراندنی نەرمەکاڵا بە بەکارهێنانی فەرمانەکانی apt

ئەمە ڕێگەیەکی زۆر سەلامەت و سەرکەوتووە، من وەکو خۆم زۆر جار ئەم ڕێگەیە بەکار دەهێنم.

یەکەم جار پێویستە تێرمیناڵ بکەیتەوە، فەرمانەکە بنووسیت:

sudo apt-get install ناوی-گورزەکە
sudo apt-get install package_name

ئەم ڕێگەیە مۆڵەتی بەڕێوەبەری پێویستە، بۆیە دڵنیابە کە پێشگری سودۆ بدەیتە فەرمانەکە.

 

٣.٢ ڕەشکردنەوەی نەرمەکاڵا بە بەکارهێنانی فەرمانەکانی apt

ئەم فەرمانەی خوارەوە بنێرە و تەواو. بەس بیرت نەچێت ناوی گورزەکە بە دروستی بنووسیت!

sudo apt-get remove package_name

 

٤.٠ ڕێگەکانی تر بۆ دامەزراندن و ڕەشکردنەوەی نەرمەکاڵا

ڕێگەی تر زۆرە، بەڵام من وەکو خۆم بە باشیان نازانم یانیش بۆشاییەکی زۆرت لێ داگیر دەکەن یانیش زۆر جار کار ناکەن و جێگەی متمانە نین. هەوڵ دەدەم لەم لیستەی خوارەوە، ڕێگەکانی تر بنووسم:

  1. PPA – زیادکردنی سەرچاوەی نەرمەکاڵا و پاشان دامەزراندن
  2. دامەزراندنی لە سەرچاوەی کۆدەکانییەوە (زۆر جار ئەمە ڕێگەیەکی ئاڵۆزە و پێویستی کەمێک شارەزایی هەیە)
  3. سناپ
  4. فەرمانەکانی dpkg
  5. بەکارهێنانی پەڕگەی AppImage
  6. pip بۆ دامەزراندنی ئەو نەرمەکاڵایانەی کە بە پایسۆن دروستکراون.

 

ئەگەر پرسیارێک یان کێشەیەکت هەبوو، تکایە لە کۆمێنت بۆم بنووسە یان پەیوەندی بکە.

 


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *