باشترین جێگرەوە بۆ مایکرۆسۆفت ئۆفیس لەسەر لینەکس

پێمان خۆشبێت یان نا، مایکرۆسۆفت ئۆفیس بە باشترین و ستانداردترین کەشکۆڵی نەرمەکاڵای ناو نوسینگە دادەندرێت، هەم لە دام و دەزگا حکومییەکان هەمیش لە ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکاندا. بۆیە هەموو جیگرەوەکانی تری مایکرۆسۆفت ئۆفیس لەسەر لینەکس بە دژی دادەندرێن و پێوانەکردنیان دەکەوێتەوە سەر ئەوەی تا چەند فایلی مایکرۆسۆفت دەکەنەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

وەکو بەکارهێنەرێکی لینەکس، ئەمڕۆ دەتوانیت چەند جێگرەوەیەکی مایکرۆسۆفت ئۆفیس دابگریت و بەخۆڕایی دایان بمەزرێنیت کە ڕێگەت دەدەن بۆ کردنەوە، دەستکاریکردنی و دروستکردنی فایلی مایکرۆسۆفت ئۆفیس.

پێنج باشترینەکان بریتیین لە: 

  • LibreOffice
  • WPS Office
  • Apache OpenOffice
  • ONLYOFFICE
  • SoftMaker FreeOffice

من لەم بابەتەمدا، تەنها باسی لیبرە ئۆفیس – LibreOffice دەکەم.

لیبرە-ئۆفیس بە ناسراوترین جێگرەوەی مایکرۆسۆفت ئۆفیس داندراوە کە سەرەتا وەکو پەلێکی OpenOffice.org لە ساڵی 2011 هاتە کایەوە. لیبرە هەمیشە بانگێشتی گەشەپێدەران لە هەموو جیهانەوە دەکات بۆ ئەوەی هەموو یەکەوە شتێکی نایاب بنیاد بنێن و خۆڕایی بێت.

لیبرە ئەم نەرمەکاڵایانە لەخۆ دەگرێت:

  • نووسەر – Writer: ئەمە هاوتای MS Office Wordـە، کە دەتوانیت لە ناویدا لە پەراگرافێکەوە تا ڕۆمانێک بنووسیت، و زۆرینەی تایبەتمەندییەکانی (word)ـی مایکرۆسۆفتی لەخۆ گرتووە.
  • بژمێر – Calc: نەرمەکاڵای سپرێدشیتە کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی پرۆفێشناڵی هەیە، لەوانە؛ پاڵپشتی فرە-بەکارهێنەر و کارکردن لەگەڵ بنکەزانیارییەکانی کۆمپانیاکان.
  • ئیمپریس – Impress: ئەمەش وەکو پاوەرپۆینت کار دەکات و فایلەکانی ئەویش دەکاتەوە و دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت دەستکاریان بکەیت.
  • بکێشە – Draw: ئەمەش توڵی کێشانی نەخشە و خشتە و چارت و دایەگرامە.
  • بیرکاری – Math: ئەمەش نەرمەکاڵایەکە کە دەتوانیت هاوکێشەی بیرکاری پێ بنووسیت، هەروەها دەتوانیت تێکهەڵکێشانی پێ بکەیت لەگەڵ نەرمەکاڵاکانی تری لیبرە.
  • بنچینە – Base: ئەمەش وەکو ئەکسێس دەتوانیت بنکەزانیاری پێ دروست بکەیت بە هەبوونی پاڵپشتییەکی سەرەکی و سروشتی بۆ MySQL/MariaDB, Adabas D, MS Access, و PostgreSQL.

لەوانەیە ڕوکاری لیبرە زۆر جوان و تازە نەبێت و نزیك بێت لە ڕوکاری مایکرۆسفت ئۆفیسی 2013، بەڵام گوێی پێ مەدە، لە یادت بێت ئەمە خۆراییە و کۆمەڵگە بۆتی دروست کردووە.

تان و پۆ:

  • خۆڕاییە و سەرچاوە کراوەیە
  • بەتەواوی کارەکانی دەکات و بێ کێشەیە
  • هیچ کێشەیەکی لەگەڵ فایلەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیس نییە.
  • نەخشاندنەکەی کۆنە 🙁

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *